"لە بەرژەوەندی بەغدایە كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات"

:: PM:09:47:17/07/2019 ‌

سەردانەكەی دوێنێی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا لە دیوە نزیك و رووكەشەكەیەوە پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا و مایەی دڵنیاكردنەوەی هەولێر و بەغدا و خەڵك بوو بەوەی هەردوولا ئامادەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی تەنگژەكان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە، هاوكات بەدیوی دوورەكەشییەوە شارەزایان پێیان وایە سەرەتایەكی باش بوو، بەڵام پێویستی بە بەردەوامی تا رێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور هەیە. 

د ناسڕ یووسف، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەوبارەوە بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، سەردانی دوایی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، جێی دڵخۆشی خەڵكی عێراق بوو بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی كە سەردانێكی چاوەڕوان كراو بوو، بەم دواییە دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێم و دواتر سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش هەردووكیان سەردانی بەغدایان كرد و دووپاتیان لەوە كردەوە كە دەبێت پێَوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا باشتر بكەن.

زیاتر گوتی، لەوانەیە هێشتا زووبێت باسی وردەكاری و ئەنجامەكانی ئەو سەردانەی دوایی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم بكەین كە مەبەستیان یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە كە بریتین لە پرسی نەوت و ناوچە كێشەلەسەرەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140 و پێشمەرگە و ئەو گرێبەستانەی لە بنەڕەتدا هی جووتیارانی كوردستانە و لە سەردەمی رژێمی بەعس بەناوی خەڵكی ترەوە كراوە، ئەوانە چەند بابەتێكن و باسیان لێوە كراوە، بەڵام پێویستیان بەوەیە كە لیژنەی تایبەت بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنیان بێتە دانان و وەك سەرەتا هەردوو حكوومەت بگەن بە رێككەوتن بەوەی كۆن و ئینجا گفتوگۆ دەست پێ دەكات لەلایەن لیژنەی تایبەت. دووپاتی كردەوە، پرسی پێشمەرگە یەكێكە لەو خاڵانەی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.  

لای خۆیەوە د ساڵح عومەر، مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، كە سەیری دۆخی كورد دەكەین لەناو عێراقدا لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق كورد دەچەوسێندرێتەوە، كیمیاباران و ئەنفال لە سەردەمی بەعس و دوای 2003ش كە تا ئێستە دەسەڵاتی بەدەستی شیعەوەیە، سەرەتا بە لێكگەیشتن دەستووری عێراق نووسرایەوە و شیعە رازی بووە كە ئەو مافانەی ناو دەستوور بە كورد بدرێت، بەڵام دوای بەهێزبوونی پێگەی ئەوان لە عێراق دەبینین كە لەبری ئەوەی دان بە مافەكانی دەستوروی كورد بنێن وەك لە دەستووردا هاتووە، هەوڵ دەدەن كە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەمتر بكرێتەوە و حكوومەتێكی ناوەندی بەهێز دروست ببێت و سیستەمی فیدراڵی كە لە دەستووردا هاتووە، وەك خۆی نەمێنێت.

زیاتر گوتی، بەڵێ ئەو كێشانە كورد لەگەڵ شیعە هەیەتی، بۆیە ئەو دۆخە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوان ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیان بۆ سەربەخۆیی رەت كردەوە و هێزیان لە دژی هەرێم بەكار هێنا، بۆیە ئەو رێگەی لەپێش هەدوولا دەمێنێتەوە گفتوگۆكردن و لێكگەیشتنە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نیبَوان هەولێر و بەغدا هەیە، ئەگەرنا شیعەی بیەوێت خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت، ئەوكات ئەنجامی باشی نابێت و هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق تیایدا زەرەرمەند دەبێت، بۆیە پێویستە سیاسەتوانای بەغدا بەشێوەیەك سیاسەتی عێراق دابڕێژنەوە كە توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی كورد كۆتاییان بێت، چونكە ئەوان لە سەدام حوسێن بەهێزتر نین، بۆیە عێراقی نوێش نەیتوانیوە مافەكانی كورد پێشێل بكات، راستە كورد مافی خۆی بەتەواوەتی وەرنەگرتووە، بەڵام كورد لەسەر مافە دەستوورییەكانی سوور بووە، بۆیە تا چارەسەری كێشەكان نەكرێت تەنگژەكان هەر بەردەوام دەبن، بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەغدا و هەرێمی كوردستان بگەن بە لێكگەیشتن كە لەبەرژەوەندی هەردوولادایە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی كرد، پرسی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق پرسێكی ئیداری نییە كە تەنیا پێوەست بێت بە عادل عەبدولمەهدییەوە، كێشەی كورد لەناو عێراقدا كێشەیەكی نەتەوەییە و دەبێت بە شێوەیەكی گشتی بێتە چارەسەركردن، بۆیە تا كێشەی نەتەوەیی كورد چارەسەر نەكرێت، سەقامگیری لەناو عێراق جێگیر نابێت و عێراق ناتوانێت بە باشی گەشەبكات، بۆیە ئەگەر كێشەكە بەو شێوەیە چارەسەر نەبێت، ئەو تەنگژانەی هەن لە داهاتووشدا لە عێراق دەمێنن، بۆیە باشترین شت ئەوەیە لە ئێستەوە هەوڵ بدرێت كێشەی نەتەوەیی كورد لەناو عێراقدا نەمێنێت، ئەوەش تەنیا لەو رێگەوە دەبێت كە لەناو دەستووری عێراق هاتووەتە دیاریكردن و مافەكانی گەلی كورد بەپێی دەستوور بدەن، ئەگینا كێشە دروست دەبێت و رەنگە دووبارە كورد داوای جیابوونەوە لە عێراق بكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆی بەتەواوەتی.

ئاماژەی كرد، بۆیە سیاسەتوانانی عێراق پێویستە ئەو راستییە قبووڵ بكەن، یان چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی كورد لەناو عێراق بە گفتوگۆكردن یان بەردەوامی كێشەی نەتەوەیی و ئەگەر دوای ریفراندۆم سەر نەكەوتین، ئەگەری هەیە لە داهاتوو دۆخی ناوچەكە بێتە گۆڕان و كورد دووبارە داوای سەربەخۆیی بكاتەوە، چونكە لەناو عێراق هەستی بە ئارامی نەكردووە و رازی نەكراوە، بۆیە لەبەرژەوەندی سیاسەتوانانی عێراقدایە كە سەیری كێشەی كورد وەك كێشەیەكی نەتەوەیی بكەن كە پێویستە بەهەر شێوەیەك بێتە چارەسەركردن.

"سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا حاڵەتێكی ئەرێنی بوو، كەچی چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی كورد لەگەڵ بەغدا زیاتری دەوێت، چونكە كێشەكان ئەوەندە قووڵن پێویستی بە چەندان سەردانیتر هەیە، بەڵام هەنگاوێكی ئەرێنییە و بەو مەرجەی ئەو عەقلیەتە لای سیاسەتوانانی بەغدا دروست بووبێت و بەغداش بیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات، عومەر وای گوت.

دوێنێ سێشەم شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەركۆماری عێراق و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل