حەشدی شەعبی: تا ئێستە نازانین ئەو فڕۆكەیەی بۆردمانی كردین هی كام وڵاتە

:: PM:12:29:20/07/2019 ‌
پاش كردنە ئامانجی سەربازگەیەكی میلیشیا شیعەكان لە سنووری شارۆكەی خورماتوو، گوتەبێژی میلیشیاكانی حەشد لە سنووری خورماتوو دەڵێ داوامان لە سەرۆك وەزیران كردووە لیژنە پێكبهێنی، دەشڵێت نازانین ئەمەریكا یان ئیسرائیل یان داعش ئێمەی كردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، عەلی هاشم گوتەبێژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە "وشە"ی راگەیاند، پاش ئەوەی هێرش كرایە سەر سەربازگەیەكمان لە سنووری ئامرلی، تا ئێستە نازانین هێرشەكە لە لایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا بوو یان ئیسرائیل و یان داعشەوە كراوینەتە ئامانج، بۆیە داوامان لە سەرۆك وەزیران كردووە لیژنەیەك بۆ دەرخستنی راستییەكان پێكبهێنێت .

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو سەربازگەی كراوەتە ئامانج لۆجیستییە و 20 كیلۆمەتر لە خورماتووەوە دورە و لە ئاكامی بۆردمانەكە دوو كەس بریندار بوون.

"چاوەڕوانی لیژنەكەی سەرۆك وەزیران دەكەین بۆ مەبەستی یەكلاكردنەوەی سەرچاوەی هاتنی ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە بۆ ئەوەی بزانرێت لەلایەن كێوە كراوینەتە ئامانج" عەلی هاشم وای گوت.

سەعات دووی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە ڕێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی لە باكووری ئامرلی بۆردمان كرا و بەهۆیەوە كۆگایەكی تەقەمەنی لەناوچوو.

مەهدی تەقی پەرلەمانتاری شیعە لە لیستی فەتح بۆ "وشە" ئاماژەی دا، وەك پەرلەمانتارانی ناوچەكە داوای پێكهێنانی لیژنەیان كردووە لە سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی ناسنامەی ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە.

بە بڕوای محەمەد حەسەن وەك چاودێرێك لە سنووری خورماتوو، گومانكردن لە وڵاتان و داعش نیشانەی ئاراستە جیاوازەكانی حەشدی شەعبیە بۆ وڵاتانی دژ بە ئێران.

ئەو بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، پاش 20 رۆژ لە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، كردنە ئامانجی میلشیاكان وادەكات میلشیاكان گومان لە حكوومەتی عێراقیش بكەن، بەڵام رەنگە دەری نەبڕن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان