بەمنزیكانە ئەمەریكا ژمارەیەكی تری بەرپرسانی عێراق سزا دەدات

:: PM:09:35:20/07/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "فەتح" كە زۆرینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت ئاماژە دەكات كە ئیدارەی ئەمەریكا بەنیازە لیستێكی نوێ بە ژمارەیەك كەسایەتی عێراقی دەربكات لەوانەی بوونی ئەمەریكا لە عێراق رەت دەكەنەوە و دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەمنزیكانە ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و تەناهی دەخاتە ناو لیستی سزاكانییەوە.  

پێنجشەمی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە یەكەم هەنگاوی لەو شێوەدا ناوی چوار بەرپرسی عێراقی خستە ناو لیستی سزاكانییەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و پێشێلكاری كە دووانیان سەركردەن لە حەشدی شەعبی و یەكێكیان پەرلەمانتارێكی سوننەی عێراق و و ئەوەی تریان پارێزگاری پێشووی نەینەوایە.

حامد مووسەوی ئەمڕۆ شەموو ئاماژەی كرد، مەبەست لە سزادانی سەرانی سیاسی و تەناهی سەر بە حەشدی شەعبی گەیاندنی پەیامێكە بەوەی واشنتن چەكی سزاكان لەدژی هەر كەسێك بەكار دێنێت كە لە عێراق دژی بەرژەوەندییەكانی بوەستێتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی نزیكی داهاتوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لیستێكی نوێ بە ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی و تەناهی عێراق دەربكات و تۆمەتی تیرۆر و گەندەڵیان بخاتە پاڵ.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بێدەنگی حكوومەتی عێر اق و رووبەڕوو نەبوونەوەی ئەو سزایانە، وا لە واشنتن دەكات كە ژمارەیەكی تری بەرپرسانی عێراق سزا بدات و پێویستە عەبدولمەهدی هەڵوێستێكی ئازایانەی هەبێت، وەك چۆن لە پەرلەمان واژوو بۆ سەركۆنەكردنی سزاكان كۆ كراوەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل