بێ ئه‌وه‌ى روونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌ن، هه‌ریه‌كه له كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى به‌ریتانی و ئه‌ڵمانى بڕیاریان دا بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك گه‌شته‌كانیان بۆ میسر رابگرن.
كۆمپانیاى هێڵى ئاسمانى به‌ریتانی" british airways " ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 21ى ته‌مووز بڕیارى دا بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كى ته‌واو گه‌شته‌كانى بۆ قاهیره بوه‌ستێنێ.
كۆمپانیاكه له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێ، "ئێمه هه‌میشه پێداچوونه‌وه بۆ رێكاره ته‌ناهییه‌كان ده‌كه‌ین له هه‌موو فڕۆكه‌خانه‌كانمان له دنیادا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش بۆ ماوه‌ى حه‌وت رۆژ گه‌شته‌كانمان بۆ قاهیره وه‌ستاندووه".
ئاژانسى
رۆیته‌رز ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، كاتێك پرسیار له‌باره‌ى هۆكاره‌كه له گوته‌بێژى كۆمپانیا به‌ریتانیاكه كراوه، ئاماده نه‌بووه هیچ وه‌ڵامێك بداته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ دووپاتى كردووه‌ته‌وه كاتێك بابه‌ته‌كه پێوه‌ندى به بارودۆخى ته‌ناهییه‌وه هه‌بێت ئه‌وان مشتومڕێكى له‌سه‌ر ناكه‌ن.
هاوكات كۆمپانیاى Lufthansa ى ئه‌ڵمانیش به‌هه‌مان شێوه گه‌شته‌كانى بۆ قاهیره وه‌ستاندووه و بڕیاره تا رۆژى یه‌كشه‌مى داهاتوو هیچ گه‌شتێك ئه‌نجام نه‌دات.
له دواى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى فڕۆكه رووسییه‌كه له 2015 له سه‌یرانگه‌ى شه‌رم شێخى میسرى به‌ریتانیا چه‌ند جارێك داواى له هاووڵاتییانى كردووه به فڕۆكه سه‌دانى ئه‌م شوێنه نه‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ قاهیره هیچ هۆشدارییه‌كى نه‌بووه و ئه‌مه یه‌كه‌م جاره ئه‌م بڕیاره بدات.
سه‌رچاوه به‌ریتانییه‌كانیش دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆر له‌سه‌ر فڕۆكه‌وانى قاهیره هه‌یه.