شرۆڤه‌كارانی سه‌ربازیی دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ یه‌كخستنی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپا و هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی شیعه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی عێراقه، به‌ڵام مه‌به‌ستی شاراوه‌ی له پشته و بۆ كۆنترۆڵكردنی سوپای عێراقه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه.
دوای بڕیاره‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ یه‌كخستنی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ی سه‌ربه حه‌شد هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ناوی چاكسازی له پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی عێراقدا، دووباره به ویستی خۆیان سوپا دابڕێژنه‌وه و پله‌داره باڵاكانی سوپا دووباره دابنێنه‌وه.
موئه‌یه‌د جحێشی شرۆڤه‌كار و ئه‌فسه‌ری پێشووی سوپای عێراق له‌باره‌ی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری سوپای عێراق، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌و داوایه ناشه‌رعی و ناده‌ستوورییه و ده‌ستوه‌ردانه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له عێراق.
به‌گوته‌ی ئه‌و "ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ساڵانه له‌گه‌ڵ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌داره‌كانی، خۆی نوێ ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش له هه‌موو وڵاتان هه‌روایه، بۆیه ئه‌و داواكارییه‌ی به‌شێك له په‌رله‌مانتاران بۆ رێكخستنه‌وه مه‌به‌ستی ژێر به‌ژێری و نیازخراپی تێدایه".
جحێشی زیاتر گوتی، بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ یه‌كخستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی نییه، به‌ڵكو جێكردنه‌وه‌یانه له‌ناو سوپا، ئه‌وان ده‌ستكاری سوپا ده‌كه‌ن و ئه‌و پۆسته باڵایانه‌ی سوپا ده‌ده‌ن به‌وانه‌ی له‌ناو حه‌شده‌وه ده‌چن، به تێپه‌ڕبوونی كات حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵی سوپا ده‌كات وه‌ك چۆن له ئێران خومه‌ینی دوای شۆڕش سوپای هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه، به‌ڵكو به‌شێك له ئه‌فسه‌رانی دوور خستنه‌وه و سوپای پاسدارانی دامه‌زراند، هه‌مان شت ده‌گوزه‌رێت.
"پێش یه‌كخستنی حه‌شد له‌گه‌ڵ سوپای عێراق 70%ی سوپا شیعه بوو، ئێسته ده‌یانه‌وێ ژیاننامه‌ی ئه‌فسه‌رانی باڵا خۆیان ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن له په‌رله‌مان، به‌وه‌ش به‌ویستی خۆیان هه‌ڵیانده‌بژێرن كه سه‌ر به حه‌شد بن، دواتر زۆرینه‌ی ده‌بێته سه‌ربه ئێران، چونكه ئه‌وان له سوپا ده‌ترسن كوده‌تایان به‌سه‌ردا بكات، بۆیه بڕیاره‌كه و بیرۆكه‌كان ئێرانین" جحێشی وای گوت.
شه‌مووی رابردوو حه‌سه‌ن سالم په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح كه گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌خۆ ده‌گرێت، ئاشكرای كرد كه هه‌وڵێك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌یه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی عێراق، به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری بێ توانا.
ناسڕ یوسف په‌رله‌مانتاری كورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، بابه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی واژوو بووه‌ته شتێكی ئاسایی له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، له‌باره‌ی پێویستی پێداچوونه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانیش، هه‌موو فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی عێراق پێویستیان به پێداچوونه‌وه‌یه، چونكه به‌شی زۆریان پێویستیان به نوێكردنه‌وه‌یه بۆ قۆناغی داهاتوو.
ئاماژه‌ی دا، هه‌ر گۆڕانكاری و داڕشتنه‌وه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور بێت و ئه‌و پله‌دارانه‌ی سوپا له فه‌رمانده‌ی فیرقه به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌بێت له‌ناو په‌رله‌مان ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وانه‌یشی به وه‌كاله‌تن دوو مانگی تر مۆڵه‌تیان پێ دراوه كه حكوومه‌ت ناوی كاندیده‌كان بێنێته په‌رله‌مان بۆ په‌سندكردنیان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری مه‌ترسی خۆی پێشان دا له‌وه‌ی سوود له بڕیاره‌كه وه‌ربگیرێت به‌وه‌ی سوپای عێراق بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری شیعه.
دووپاتی كرده‌وه "ده‌بێ ره‌چاوی رێژه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق له‌ناو دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی بكرێت و ببێت به سوپایه‌كی نیشتمانی، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو شیعه‌یه بچێته ناو سوپا، رێژه‌كه ده‌گۆڕێت و پێویسته حكوومه‌ت ره‌چاوی رێژه‌كه بكات".
ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد كه هه‌ر فراكسیۆنێكی په‌رله‌مان هه‌وڵ ده‌دات رێژه‌ی خۆی له‌ناو هه‌موو داوده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت زیاتر بكات.
به‌ڵام شاهۆ قه‌ره‌داغی شرۆڤه‌كار و شاره‌زا له كاروباری عێراق، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ
به‌حه‌شدكردنی سوپای عێراقه، چونكه ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌سه‌ر ئه‌م دامه‌زراوه‌یه هه‌ر ده‌مێنێت كه ده‌چن بۆ ناو سوپا، ئه‌وكات سوپاكه ده‌بێته هێزێكی مه‌زه‌وی حه‌شدئاسا، ئه‌و بابه‌ته‌ی ئێسته‌ش له دژی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی سوننه‌ی سوپا ورووژێنرا، كه رازی نه‌بوون به ده‌سه‌ڵاتی ئێران و رێنوێنییه‌كانی حه‌شد وه‌ربگرن، ئێسته ئه‌و دۆسیه‌یان بۆ دروست كردوون وه‌ك سیخوڕی بۆ هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، ده‌یانه‌وێ پێشانی بده‌ن ئه‌و سوپایه لاوازه و سیخوڕی تێدایه تا بتوانن هه‌ر فه‌رمانده و پله‌دارێك لابده‌ن یان دایبنێن.
زیاتر گوتی، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و پله‌دارانه‌ی بێلایه‌نن له‌ناو سوپای عێراق كۆتایی پێ بێنن و سوپاكه به ته‌واوه‌تی ببێته دامه‌زراوه‌یه‌كی ملكه‌چ بۆ حه‌شدی شه‌عبی و هه‌مان نموونه‌ی ئێران له سوپای پاسداران و سوپای ئێران، له عێراق دووباره بكه‌نه‌وه و رێگریش نییه، چونكه سوننه زۆر لاوازه و ناتوانن رێگری له‌و گۆڕانكارییه بكه‌ن، بۆیه پێم وایه ئه‌وه‌یان بۆ ده‌چێته سه‌ر.
قه‌ره‌داغی دووپاتی كرده‌وه، بڕیاری یه‌كخستنی حه‌شد له‌گه‌ڵ سوپا و رێكخستنه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه پێوه‌ستن، یه‌كه‌مجار یه‌كخستن روو ده‌دات و دواتر سوپا پاك ده‌كاته‌وه و پێكهاته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و پاكتاوی ده‌كه‌ن، تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ دروست ده‌كه‌ن یان دووری ده‌خه‌نه‌وه، بۆیه له ماوه‌ی دوو تا سێ ساڵ به‌ته‌واوه‌تی پێكهاته‌ی سوپاكه ده‌گۆڕن و ده‌بێته سوپایه‌كی میلیشیایی.
"بڕیاره‌كه بۆ كورد كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه و ده‌بێته هۆی دروستبوونی سوپایه‌ك دووجار رقی له كورد ده‌بێته‌وه، به‌هۆی نه‌ته‌وه و مه‌زه‌ویشه‌وه، ئه‌وه مه‌ترسییه بۆ داهاتووی كورد، به‌ڵام هاوكات داهاتووی عێراقیش به‌ره‌و ناسه‌قامگیری ده‌بات"، قه‌رداغی وای گوت.
*موئه‌یه‌د جحێشی: به تێپه‌ڕبوونی كات حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵی سوپا ده‌كات.
*ناسڕ یوسف: داڕشتنه‌وه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی عێراق ده‌بێ به‌پێی ده‌ستوور بێت.
*شاهۆ قه‌ره‌داغی: بۆ كورد مه‌ترسیداره و سوپا دووجار رقی له كورد ده‌بێته‌وه به‌هۆی نه‌ته‌وه و مه‌زه‌ویش.