ناتۆ دەست بەسەرداگرتنی دوو كەشتییەكە لەلایەن ئێرانەوە شەرمەزار دەكات

:: AM:10:01:21/07/2019 ‌
گوتەبێژی هاوپەیمانێتی ئەتلەنتیكی باكور لە راگەیەندراوێكدا دەست بەسەرداگرتنی دوو كەشتی نەوتهەڵگرەكە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كەنداو شەرمەزار دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی ئاشكرای كردووە، هاوپەیمانێتی ناتۆ لە راگەیەندراوێكدا رووداوی دەست بەسەرداگرتنی دوو كەشتی بارهەڵگر لەلایەن ئێرانەوە شەرمەزار دەكات و رای دەگەیەنێت، ئەو هەوڵە بۆ لەباربردنی ئازادی نێودەوڵەتی هاتوچۆی دەریاییە.

لە راگەیەندراوەكەدا كە بەناوی گوتەبێژی ناتۆ بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە دراوە، داوا لە ئێران دەكەین بە خێرایی ئەو كەشتییانە و سەرنشینەكانیان ئازاد بكات كە دەستی بەسەردا گرتوون.

زیاتر روون كراوەتەوە، بەریتانیا نیازی هەیە لە رێی دیپلۆماسی ئەو گرفتە چارەسەر بكات و ئێمەیش وەك هاوپەیمانێتی ناتۆ پێشوازی لە هەموو هەوڵێكی دیپلۆماسی دەكەین.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ئەتلەنتیكی باكور "ناتۆ" نیگەرانین لە رەفتارە گێرەشێوێنەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

رۆژی هەینی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر دوو كەشتی نەوتهەڵگری بەریتانیای لە گەرووی هورمزدا گرت و بەهۆیەوە گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات رووی لە هەڵكشان كرد، میدیاكانی بەریتانیا ئێرانیان بە چەتەی دەریایی وەسف كرد و رایان گەیاندبوو، ئەو كردەیەی كۆماری ئیسلامی وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بوو لە راگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران كە لە رێی جەبەل تاریقەوە ویستبووی خۆی بگەیەنێتە كەنارە ئاوییەكانی سووریا و لەلایەن هێزەكانی بەریتانیا دەستی بەسەردا گیرا.

بەریتانیا رای گەیاند، راگرتنی ئەو كەشتییە بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەوەیە كە خراوەتە سەر سووریا و ئەگەر ئێران بیسەلمێنێت ئەو كەشتییەی بەرەو سووریا رەوانە نەكردووە، ئەوا بەریتانیا كەشتییەكە ئازاد دەكات.


وشە - هیدایه‌ت جان