خەلیفان .. كچێكی 17 ساڵان بە كلاشینكۆف كوژرا

:: AM:11:06:21/07/2019 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو كچێكی 17 ساڵان لە شارەدێی خەلیفانی سەر بە شارۆكەی سۆران دەكوژرێت و پۆلیسی ناوچەكەش بكوژەكە ئاشكرا دەكات. 

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، سەعدوون هاودیانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی شەموو لەسەر یەكشەم سەعات 05 : 12 خولەكی رێكەوتی لە لایەن نەخۆشخانەی خەلیفان ئاگادار كراینەوە بە بوونی تەرمێك، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ نەخۆشخانە ناسنامەی تەرمەكە ئاشكرا بوو بە ناوی "س. س. ع" لەدایكبووی ساڵی 2002 كچی ماڵەوە دانیشتووی گوندی تارینا سەر بە شارەدێی خەلیفان. 

زیاتر روونی دەكاتەوە، دوای وەرگرتنی گوتەی باوكی كوژراوەكە، روونی كردەوە كە كچەكەی لە لایەن براكەی بە چەكی كلاشینكۆف كوژراوە، واتە بكوژ دەكاتە برای كچە كوژراوەكە و هۆكاری كوشتنەكەشی تا ئێستە دیار نییە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای كرد، دەستبەجێ ئەفسەری ئێشكگر لەگەڵ تیمێك بۆ شوێنی رووداو رۆیشتن بە مەبەستی گرتنی تۆمەتبار، بەڵام رایكردووە بۆ شوێنێكی نادیار. دۆسیە كراوەتەوە و بەدواداچوونی رژد دەكرێت بۆ گرتنی تۆمەتبار و هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە لە ماوەیەكی نزیك بكوژەكە دەگرین و رەوانەی دادگای دەكەین. 

ئەمساڵ ژمارەیەك رووداوی كوشتن و خۆكوشتن لە دەڤەری سۆران تۆمار كراون، شارەزایانیش هەبوونی چەكی بێ مۆڵەت بە یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربوونی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن دەزانن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - هیدایه‌ت جان