سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیستەكان لەسەر دەنگدان بە یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كۆبوونەوەدان

:: PM:04:56:21/07/2019 ‌
هاوكاتی گوشارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەخاتە كارنامەی دانیشتنەكانی. پەرلەمانتارێك دەڵێ، لە كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك لیستەكان یەكلا دەبێتەوە دەنگ بە هەموارەكە دەدرێت یان نا.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی 34ـەمینی راگەیاند كە سبەی دووشەم ئەنجام دەدرێت، بەگوێرەی ناوەڕۆكی كارنامەكەش بێت كە دەست "وشە" كەوتووە، لە خاڵی یەكەمیدا دەنگدان لەسەر هەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت.

دیارترین ناكۆكی نێوان لیستەكانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاساكە، خۆی لە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن دەبینێتەوە لە سانتلیگۆی 1.4 بۆ 1.7 یان 1.9، هەژماركردنی 50%ی كورسییەكان بۆ براوەكان یانیش هەژماركردنی 20%ی كورسییەكان بۆ بەهێزترین دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن، جگە لەمە پرسی كەركووك یەكێكی ترە لە خاڵە ناكۆكەكان كە حكوومەتی عێراق و پەرلەمان دەیانەوێت هەڵبژاردنەكە لەو شارە بكرێت، بەڵام پێشتر رێبوار هادی سەرۆكی لیژنەی یاسایی بۆ "وشە" روونی كردبووەوە كە كورد و توركمان و عەرەب بە پاساوی جیاواز داوای دواخستنی دەكەن.

شێروان دووپردانی پەرلەمانتاری لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی خاڵە ناكۆكەكان تا پێش كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان، هەوڵ بدرێت لایەنەكان لەسەر ناكۆكییەكانیان بگەن بە رێككەوتن. شیروان گوتی "لەوە ناچێت لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە ناكۆكییەكان قووڵن".

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق سێ ساڵ بەسەر وادەكەی تێپەڕیوە، ئەمەش لە كاتێكدا یەكەم هەڵبژاردنیش چوار ساڵی بەسەردا تێپەڕی تا دووەم هەڵبژاردن لە ساڵی 2013 ئەنجام درا.


وشە - فه‌رمان سادق