ئیسڕائیل: عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگی ساردی ئەمەریكا و ئێران

:: PM:08:17:21/07/2019 ‌
دوای هێرشەكەی سەر سەربازگەی بەدری حەشدی شەعبی، بارگرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عێراق زیاتر دەبن. میدیایەكی ئیسڕائیلی دەڵێ، عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگی ساردی نێوان ئەمەریكا و ئێران، هێرشەكەی ئامرلییش سەرەتای جەنگەكەیە، بەڵام حەشدی شەعبی رەتی دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، میدیایەكی ئیسڕائیلی بڵاوی كردەوە، عێراق بووەتە گۆڕەپانی جەنگی ساردی نێوان ئەمەریكا و ئێران، رووداوی هێرشی سەر سەربازگەی بەدر لە باكوری عێراقیش كە رۆژی هەینی رابردوو روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی كوژران، بە حەلقەیەكی تری جەنگەكە ناو دەبات.

ماڵپەڕی "دیبكا"ی ئیسڕائیلی، لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردووە، هێرشەكەی سەر سەربازگەی حەشدی شەعبی لە ئامرلی كەر ۆژی هەینی رابردوو ئەنجامدرا، سەرەتای زنجیرەیەكی نوێیە لە جەنگی ساردی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق.

ئەگەرچی تا ئێستە بە فەرمی هیچ زانیارییەك لەسەر ژمارەی كوژاراوانی چەكدارانی حەشدی شەعبی سەر بە گروپی بەدر لە سەربازگەی ئامرلی بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام لە راپۆرتی میدیا ئیسڕائیلییەكە دووپات لەوە دەكاتەوە كە سەربازگەكە، ناوەندێك بووە بۆ گواستنەوەی چەكی ئێران لە تارانەوە بۆ دیمەشق و لەوێوە بۆ حزبوڵای لبنانی، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە هێرشەكە لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بە دوو قۆناغ ئەنجام دراوە كە نێوانیان نیو سەعات بووە، مەبەستیش لە قۆناغی دووەم، كوشتنی ئەوانەی تر بووە كە لە سەربازگەكەدا لە هێرشی یەكەمدا نەكوژراون.

راپۆرتەكەی میدیا ئیسڕائیلییەكە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ دەستەی حەشدی شەعبی دەرئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە راگەیاند.

بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەی دەستەی حەشدی شەعبی بێت، سەربازگەكە رووبەڕووی هێرشی سەربازی نەبووەتەوە لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان یان مووشەك، بەڵكو بەهۆی تەقینەوە و سووتانی سووتەمەنی بووە و هیچ كەسێكیش لە چەكدارانی حەشد لە سەربازگەكەدا نەبوونەتە قوربانی.

جێی باسە رۆژی هەینی رابردوو، هێرشكرایە سەر سەربازگەیەكی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئامرلی، بەگوێرەی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقیش بێت، هێرشەكە لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجام دراوە و دوو كەسیش بەهۆی هێرشەكە بریندار بووینە.


وشە - فه‌رمان سادق