داعش فەرماندەیەكی باڵای حەشدی شەعبی كوشت

:: AM:10:10:14/01/2017 ‌


درەنگانی شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو، لە ناوچەی ئیمام وەیستی سنووری شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، شەڕ لە نێوان چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و هێزی میلیشیاكانی نێو حەشدی شەعبی بەردەوامی هەبوو، لە ئەنجامدا فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی بە پلەی لیوا لەلایەن تیرۆریستان و سێ لە پاسەوانەكانی كوژراون.

عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی دیالە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شەڕ لە ناوچەی ئیمام وەیسی بووە، كۆمەڵێك چەكداری داعش لە درەنگانی شەو هاتوونەتە سەر هێزەكانی بەدر كە یەكێكە لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە.

هەروەها گوتی، لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان هەردوولادا فەرماندەیەكی میلیشیاكانی بەدر كە پلەی لیوای هەیە بەناوی "ئەبو كەڕاڕ"، كوژراوە و سێ پاسەوانی تریشی كوژراون، هاوكات تەرمی چوار چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیش لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەكان جێ ماون.

ئەحمەد زڕگوشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە بۆ "وشە" گوتی، فەرماندەی لیوای 110ی حەشدی شەعبی و سێ پاسەوانی لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەكانی شەوی ڕابردوودا كوژراون.

هەروەها گوتی، بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكان، دەركەوتووە تیرۆریستان لە سنووری حەوز و دەریاچەی حەمرینەوە هاتوونەتە ناوچەكە و هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی.

هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچە كوردستانییانە، پێشتر بە ڕێخۆشكەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە ڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاتنە ئەو ناوچانە بۆ ڕزگاركردنەوەی شارەدێی ئامرلی كە زۆرینەیان توركمانی شیعەن و لەلایەن تیرۆریستانەوە گەمارۆی توندیان خرابووە سەر، دوای ڕزگاركردنی ئامرلی، میلیشیاكان شوێنەكانیان چۆڵ نەكرد و لەو ناوچەیە ماونەتەوە و ئێستەش ماوە ماوە ڕووبەڕووبوونەوە و كێشە لە نێوان پێشمەرگە و خەڵكی كورد و میلیشیاكان دروست دەبێت.

دوای گرتنی مووسڵ لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەلایەن داعشەوە، چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە ڕوویان لە ناوچەكانی باشووری كەركووك و باكوری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە كرد و توانییان دەست بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەشدا بگرن.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د