ئه‌مه‌ریكا زیاتر له دوو سه‌ده‌یه دروست بووه و بووه به زلهێزترین وڵاتی دنیا، به‌ڵام له ته‌ك ئه‌مه‌یش دا، ئه‌و ئه‌مه‌ریكا به‌هێزه‌ی كه خه‌ڵكی له‌باره‌یه‌وه ده‌بیستن و ده‌زانن، بێ كاره‌سات و كێشه‌ی گه‌وره نه‌بووه، به‌ڵكوو هه‌شت ڕۆژه ترسناك و ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا لای زۆرێك له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ماوه‌ته‌وه و هه‌میشه به خه‌مگینی یادی ده‌كه‌نه‌وه.
یه‌كه‌م، ڕۆژی بۆردمانی كۆشكی سپی و واشنتن
له 1814 كاتێك ئه‌مه‌ریكییه‌كان له جه‌نگی بلادینسبۆرگ تێك‌شكان، هێزه‌كانی به‌ریتانیا ڕاسته‌وخۆ هێرشیان كرده سه‌ر واشنتنی پایته‌خت، ڕێك له 24ی ئاب/ئۆگه‌ستی 1814 ئه‌و هێرشه ده‌ستی پێكرد و زۆربه‌ی باڵه‌خانه‌كانی ئه‌وكاتی شاری واشنتن، به كۆشكی سپیشه‌وه ئاگریان لێ به‌رز ده‌بووه‌وه، جێمس مادیسۆنی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ناچار واشنتنیان به‌جێ هێشت و ڕوویان له شاری برۆكفێل له ماریلاند كرد، ئێسته‌یش برۆكفێل به پایته‌ختی یه‌ك ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا ناو ده‌برێ، به‌ڵام دواتر بارانێكی چڕ باری و هه‌موو ئاگره‌كانی واشنتنی كوژانده‌وه و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش خۆیان كۆكرده‌وه و هێرشیان كرده‌وه سه‌ر به‌ر به‌ریتانییه‌كان و واشنتنیان ئازاد كرده‌وه و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته به جه‌نگی دووه‌می سه‌ربه‌خۆیی له مێژووی ئه‌مه‌ریكا ناوده‌برێت.
دووه‌م: 14 نیسان/ئه‌پریلی 1865 و كوشتنی ئه‌براهام لینكۆلن
ئه‌مه‌ریكییه‌كان دوای جه‌نگی ناوخۆیی، متمانه‌ی ته‌واویان به ئه‌براهام لینكۆلنی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو، كه ئاشتی هه‌میشه‌یی له نێوانیان جێگیر ده‌كات، به‌ڵام له 14ی نیسان/ئه‌پریلی 1865 چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای ده‌ستپێكی ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن كه‌سێكی هاوسۆزی ڕه‌وتی یه‌كێتی كۆنفیدرالی له ئه‌مه‌ریكا تیرۆر كرا، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی بێ ئومێد كرده‌وه.
سێیه‌م: 29ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 1929 سێشه‌می ڕه‌ش
دوای كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، ئه‌مه‌ریكا و ئابوورییه‌كه‌ی ڕووی له گه‌شه‌ی خێرا و به‌هێز كرد و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌دی هێنرا، پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان به‌خێرایی به‌ره‌و پێش ده‌چوون، به‌ڵام له 29ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 1929 ئه‌و دۆخه كۆتایی هات، كاتێك دۆخی ئابووری و نرخی پشكه‌كان له بۆرسه‌ی ئه‌مه‌ریكا تووشی هه‌ره‌س بوو، له‌و كاته‌وه بانكه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیاكان تووشی گه‌وره‌ترین زیان بوون و به خێرایی دۆخی خه‌ڵك و ئابووری ئه‌و وڵاته ڕووی له پاشه‌كشه و هه‌ژاری و نه‌داری و بێكاری كرد، ئه‌م داته‌پینه‌ی ئابووری ماوه‌ی 12 ساڵ به‌رده‌وامی هه‌بوو، تا هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌مه‌ریكا به‌هێز بووه‌وه.
چواره‌م: حه‌وتی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 1941 هێرشی پێرل هاربوور.
پێرل هاربوور كه‌ناڵێكی ئاوی و ده‌ریایی بوو و بنكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكای لێ بوو، به‌ڵام له‌و ڕۆژه ته‌قییه‌وه و ئاگر له ته‌واوی ناوچه‌كه به‌ربوو. ئه‌مه‌یش له ئه‌نجامی هێرشی ژاپۆنییه‌كان بوو بۆ سه‌ر كه‌شتیگه‌لی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا كه له ئاوه‌كانی كه‌ناڵی پێرل هاربوور له ویلایه‌تی هاوای وه‌ستابوون، به‌وهۆیه‌وه دوو هه‌زار و 345 سه‌رباز و 57 هاووڵاتی مه‌ده‌نی گیانیان له ده‌ست دا و نزیكه‌ی هه‌زار و 300 كه‌سی تریش برینداربوون، چوار كه‌شتی مام ناوه‌ند و دوو كه‌شتی گه‌وره و 188 فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی به ته‌واوی وێرانبوون، له تۆڵه‌ی ئه‌مه ئه‌مه‌ریكییه‌كان 117 هه‌زار ئه‌مه‌ریكی به ڕه‌گه‌ز ژاپۆنیان گرت و دواتریش به بۆمبی كیمیایی هێرشیان كرده سه‌ر ژاپۆن.
پێنجه‌م: 22ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 1962 ته‌نگژه‌ی مووشه‌كه‌كانی كوبا
له ئێواره‌ی ئه‌م ڕۆژه‌دا جۆن كیندی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هاته سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و گوتی، كه یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت مووشه‌كی ئه‌تۆمی له كوبا دروست ده‌كات، كه كوبا نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌مه‌ریكا بوو، ئه‌م مووشه‌كانه‌یش ده‌یانتوانی هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا كه ده‌یخوازن بیكه‌ن به ئامانج و بیپێكن، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی ترس و دڵه‌ڕاوكێی له دڵی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاوكرده‌وه، چونكه مه‌ترسی هه‌بوو به مووشه‌كی ئه‌تۆمی بۆردمان بكرین، به‌ڵام كیندی هه‌ڕه‌شه‌ی كرد و دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر هێرشێكی مووشه‌كی له كوباوه، به مانای ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته‌وه دژ به ئه‌مه‌ریكا دێ، به‌مشێوه دۆخه‌كه به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ڕۆیشت و مووشه‌كه‌كان له‌لایه‌ن ڕووسیاوه له كوباوه بۆ سۆڤیه‌ت گوازرانه‌وه.
شه‌شه‌م: 22ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 1963 كوشتنی جۆن كیندی
دوای 13 مانگ له ته‌نگژه‌ی مووشه‌كه‌كانی كوبا، كاتێك جۆن كیندی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له نێو ئۆتۆمبێله‌كانی له ناوه‌ڕاستی شاری داڵاسی ویلایه‌تی ته‌كساس ده‌سووڕایه‌وه، هێرشی كرایه سه‌ر و تیرۆر كرا، ئه‌مه‌یش ئه‌مه‌ریكییه‌كانی خه‌مبار و ڕه‌شپۆش كرد، چونكه جه‌ماوه‌ری كیندی یه‌كجار زۆر بوو و زۆریش هۆگری بوون، مه‌ترسی شه‌ڕی سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ریكایشی لێ كه‌وته‌وه، چونكه بكوژه‌كه ده‌سبه‌رداری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مه‌ریكی بوو و ده‌یه‌ویست خۆی بگه‌یه‌نێته یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
حه‌وته‌م: كوشتنی مارتن لۆسه‌ر كینگ
دوای ده‌ركه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له ده‌وری و دروستكردنی خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌ی گه‌وره و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی به‌رفره‌وان به ناوی بۆ پێشه‌وه به ئاشتی، به‌ڵام له چواری نیسان/ئه‌پریلی 1968 به فیشه‌كێكی قه‌ناص مارتن لۆسه‌ر كینگ له شاری مه‌مفیسی ویلایه‌تی تینیسی تیرۆر كرا.
هه‌شته‌م: 11ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2001 هێرش بۆ سه‌ر تاوه‌ری بازرگانی جیهان
دوای ئه‌وه‌ی دوو فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له ئاسمانه‌وه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه كۆنتڕۆڵكران و خۆیان به دوو تاوه‌ری بازرگانی جیهانی كێشا له شاری نیویۆرك و سێیه‌م فڕۆكهیش له نزیك واشنتنی پایته‌خت تێكشكێنرا، ڕۆژێكی تری ڕه‌ش به‌رۆكی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی گرت، كه به‌وهۆیه‌وه سێ هه‌زار كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و شه‌ش هه‌زاری تریش برینداربوون و زیانی 10 ملیار دۆلار به‌ر ئه‌مه‌ریكا كه‌وت.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان دوای ئه‌و هێرشه به جۆرێك ترسابوون، كاتێك فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نیان له ئاسمانه‌وه ده‌بینی، له ناوچه‌كه ڕایان ده‌كرد، كاره‌ساتێكی گه‌وره به‌سه‌ر گه‌لی
ئه‌مه‌ریكا هات و له تۆڵه‌ی ئه‌مه‌یش جه‌نگی تیرۆری جیهانیان ڕاگه‌یاند و هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و دواتریش عێراق.