هەولێر و بەغدا لە ڕێككەوتن نزیك بوونەتەوە

:: PM:05:40:14/08/2019 ‌
دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی جەژن شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەسەر پرسی مادەی 140 و پێشمەرگە و نەوت و بودجە گفتوگۆ دەكەن و لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئاب، دانا جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو لیژنە لە نێوان بەغدا و هەولێر پێكهێندراوە یەكێكیان تایبەت بوو بە مادەی 140 و پێشمەرگە لیژنەیەكیش تایبەت بە پرسی بودجە و نەوت، پێشتر لیژنەكان لە هەولێر كۆبوونەوەیەكیان كردووە كە وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق و چەند بەرپرسێكی تر بەشداربوون، بڕیارە دوای جەژنیش لە بەغدا جارێكی تر ئەو لیژنەیە كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسانە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، كۆبوونەوەكە تەواوكاری كۆبوونەوەكانی ترە و گفتوگۆ لەسەر وەردەكاری رێككەوتنەكان دەكەن و ئەگەری زۆرە بەو نزیكانە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسانە بكرێت، چونكە هەردوو لایەنی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوای سەردانی شاندەكەی هەولێر بۆ بەغدا و گەڕانەوەیان بۆ هەولێر بڕیارە شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەولێر بكات و دواین گفتوگۆ لەبارەی پرسە هەڵواسراوەكانەوە بكەن و دواتر رێككەوتنی هەردوولا ڕابگەیەندرێت.

لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ئەو پەرلەمانتارە گوتی، رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر زۆر نزیكە، چونكە چەند وردەكارییەكی ماوە لەسەر میكانیزمەكان كە چۆن نەوت رادەست بكرێت و بودجەی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت و دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلا بكرێتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - رامیار جەواد