لە شەقامی 120 مەتری هەولێر ڕووداوێكی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوی چەو و لم ڕووی دا و بەو هۆیەوە شوفێرەكە گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئاب، ڕێناس قادر هاووڵاتی لە نزیك ڕووداوەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە چەو و لمی باركردبوو لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر وەرگەڕاوە و بەو هۆیەوە شوفێرەكە گیانی لە دەست دا.
ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئۆتۆمبێلەكە شوفێرەكەی تێدا گیر بووبوو و گیانی لە دەست دا.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ شەموو بارهەڵگرێكی جۆری مارسیدس قەلاب لە شەقامی ١٢٠ مەتری وەرگەڕا، تیمەكانی هۆبەی رزگاركردن گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیان كرد بەكارەكانیان، شوفێری بارهەڵگرەكە گیانی لەدەست دا.
ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە بەرپرسانی هاتوچۆی هەولێر ڕێژەی خێراییان دیاری كردووە بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نابێت لە 80 زیاتر بڕوات و مانۆڕی دەرچوونیش ئەنجام بدات.