كه‌سانى سه‌ركه‌وتوو كه لێره‌دا باسیان ده‌كرێت، ته‌نیا ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه نین كه ته‌نیا له كۆكردنه‌وه‌ى پاره سه‌ركه‌وتوون، به‌ڵكو له رووى ناوبانگ و ناونیشان و شێوازى ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونیش سه‌ركه‌وتوون، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌و كه‌سانه‌یه كه له‌بوارى تایبه‌ت به‌خۆیان له‌ڕووى ناوبانگ و داهاته‌وه سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه، جا له بوارى ئابوورى یان هونه‌رى یان كار یان سیاسه‌ت یان هه‌ر شتێكى تر بێت.
هیچ مرۆڤێك نییه هه‌موو كاته‌كانى به كاركردن به‌سه‌ر ببات، به‌ڵكو به‌گوێره‌ى سروشتى كاره‌كان هه‌ریه‌كه‌مان كاتى ده‌ستبه‌تاڵیمان هه‌یه، شێوازى به‌سه‌ربردنى ئه‌و كاته‌یش ناسنامه‌ى هه‌ریه‌كه‌مان به ته‌واوى دیار ده‌كات، له‌وه‌ى چۆن له ژیان ده‌ڕوانین و چۆن مانا به ژیان ده‌ده‌ین. بۆیه ئه‌و كاته ته‌نیا شتێكى لاوه‌كى نییه و بێ مانا نییه وه‌ك زۆر له خه‌ڵك تێی گه‌یشتوون، به‌ڵكو به‌شێكى ته‌واوكه‌ره بۆ كه‌سایه‌تى مرۆڤ و ماناى ژیانى.
زۆربه‌مان حه‌ز ده‌كه‌ین كه‌سێكى سه‌ركه‌وتوو بین، به‌ڵام چۆن؟ یه‌كێك له وه‌ڵامه ساده‌كانى ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه چاو له كه‌سانى سه‌ركه‌وتوو بكه. ئایا ئه‌وان چۆن كاتى ده‌ستبه‌تاڵییان به‌سه‌ر ده‌به‌ن؟ ماڵپه‌ڕى
ئه‌راجیك له راپۆرتێكدا هه‌وڵى داوه وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره بداته‌وه و به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌ڵێ ده‌كرێ گره‌و بكه‌ین ئه‌وان كاتى ده‌ستبه‌تاڵى ته‌نیا به پاڵكه‌وتن له‌سه‌ر قه‌نه‌فه و پرۆگرامى سه‌رگه‌رمى به‌سه‌ر نابه‌ن.
له راپۆرته‌كه باس له حه‌وت نه‌ریت یان حه‌وت رۆتینى ئه‌و كه‌سایه‌تییانه كراوه كه وه‌ك چالاكى له كاتى ده‌سته‌بتاڵى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.
یه‌كه‌م: وه‌رزش
راهێنانى وه‌رزشى بۆ عه‌قڵ و جه‌سته پێویسته به‌گوێره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه راپۆرته‌كه ئاماژه‌ى بۆ كردووه، ئه‌و كه‌سانه‌ى پێنج رۆژ له هه‌فته‌یه‌ك و هه‌ر رۆژه‌ى 30 خوله‌ك وه‌رزش ده‌كه‌ن، ته‌ندروستى عه‌قڵیان باشتره و خاوه‌ن سه‌لقیه‌یه‌كى به‌رزترن و ئاستى شڵه‌ژان له‌كاره‌كانیان كه‌متره، بۆیه بیركردنه‌وه‌یان روونتره و له‌كاركردن بێزار نابن. ئه‌مه‌یش به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنیان ده‌بات.
دووه‌م: هێنانه‌دیى خولیاكان
هه‌ر مرۆڤێك دوور له كاره‌كه‌ى خۆى خولیایه‌كى هه‌یه كه به زمانى عه‌ره‌بى به" الهوایه" ده‌ناسرێت. ئه‌مه‌یش پێوه‌ندى به داهات و قازانجه‌وه نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندى به خه‌ون و حه‌زى منداڵییه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه ده‌كرێ پزیشكێك یان زانایه‌كى فیزیك حه‌زى له وێنه‌كێشان بێت، یان ئه‌ندازیارێك حه‌زى له ژه‌نینى موزیك بێت. وه‌ك تێبینى كراوه كه‌سانى سه‌ركه‌وتوو له‌كاتى ده‌ستبه‌تاڵى خه‌ریكى ئه‌و خولیاییه‌یان ده‌بن، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تا گوتمان پێوه‌ندى به قازانجه‌وه نییه، واته سه‌ره‌تا كه‌سه‌كه بۆ قازانجكردن نایكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه ده‌سته‌به‌ردارى خولیاكه‌ى نه‌بوو، ئه‌وا كۆمه‌ڵێك قازانجى مادى و مه‌عنه‌وى ده‌بێت. له‌وانه گوشارى ده‌روونى كاركردن له كه‌سه‌كه دوور ده‌كاته‌وه، ئاستى شه‌كه‌تى كه‌م ده‌كاته‌وه هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ى بیرۆكه‌ى نوێ و داهێنان.
سێیه‌م : فێربوون
كه‌سانى سه‌ركه‌وتوو هه‌میشه بڕوایان به‌وه هه‌یه فێربوون سنوورێكى نییه و كۆتایى نایه‌ت، بۆیه ئه‌وان دواى ته‌واوكردنى خوێندنى فه‌رمیش ده‌ستبه‌ردارى خوێندن نابن، به‌ڵام زۆرجار ئه‌و شته ده‌خوێنن كه بۆ ژیان و داهاتیان باشه له‌وانه خوێندن له بوارى فێربوونى زمان، بابه‌تى وه‌به‌رهێنان له ته‌كنه‌لۆجیا، یان هه‌ر شتێكى تر پێوه‌ندى به پیشه‌ى خۆیان هه‌بێت، زۆرجار به‌هۆى زانینى زانستى نوێ 37 % داهاتى تاكه‌كه‌س زیاد ده‌بێت.
چواره‌م: تێڕامان و خه‌یاڵكردن
هه‌ندێك ئه‌م پرۆسه‌یه به"بێگه‌ردكردنى زه‌ین" ناو ده‌به‌ن. له‌ناو جه‌نجاڵى ژیان پێویسته جار جاره مرۆڤ رۆژانه زه‌ینى خۆى پاك بكاته‌وه و ماوه‌ى 10 تا 20 خوله‌كێك تێڕامان بكات یان خه‌یاڵى خۆى ئاسووده بكات. هه‌ندێك په‌نا بۆ راهێنانه‌كانى یۆگا ده‌به‌ن، هه‌ندێكى تر په‌نا بۆ راهێنانى خاوبوونه‌وه‌ى جه‌سته‌یى و ده‌روونى ده‌به‌ن، هه‌موو ئه‌مانه سه‌ركه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیش نه‌بێت ئه‌وا ده‌كرێ 10 خوله‌ك له شوێنى خۆت بیركردنه‌وه‌ى خۆت له هه‌موو جه‌نجاڵییه‌كان دوور بخه‌یته‌وه.
پێنجه‌م: كارى خۆبه‌خشى
زۆرجار خه‌ڵكانێك هه‌ن وێڕاى ئه‌وه‌ى له كاره‌كانیان پێش ده‌كه‌ون، به‌ڵام تێڕوانینیان رۆشن نییه، ئاستى كاركردنیان دیار نییه، ناتوانن هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌وروبه‌ریان بكه‌ن، له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، كارى خۆبه‌خشى یه‌كێكه له‌و ده‌رفه‌تانه‌ى ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه زۆر له كه‌سه سه‌ركه‌وتووه‌كان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن.
شه‌شه‌م: خوێندنه‌وه
بیرۆكه‌یه‌كى هه‌ڵه له‌ناو خه‌ڵك باوه ئه‌وه‌یه "خوێندنه‌وه هى كه‌سانى بێكاره" به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بیرۆكه‌یه زۆر له‌وانه‌ى له مێژوو به‌ناوبانگن و كه‌سانى سه‌ركه‌وتوون، ئه‌وا رۆژانه پێوه‌ندییان به خوێندنه‌وه هه‌یه و لێى دانه‌بڕاون. ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌ك كه له راپۆرتێكى تر‌ى هه‌مان سایت بڵاو كراوه‌ته‌وه، 88%ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى دنیا ده‌خوێننه‌وه، كه هیچ یه‌كێكیان نیو سه‌عات كه‌متر ناخوێنێته‌وه. له‌وان مارك زۆركربێرگ دامه‌زرێنه‌رى كۆمپانیاى فه‌یسبووك مانگانه دوو كتێب ده‌خوێنێته‌وه، بیل گیتس دامه‌زرێنه‌رى مایكرۆسۆفت هه‌موو شه‌وێك به‌ر له نووستن و هه‌موو به‌یانییه‌ك چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌خوێنێته‌وه.
حه‌وته‌م: خێزان
كه‌سانى سه‌ركه‌وتوو د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه كامه‌رانى و ئاسووده‌یى ناو خێزانه‌كانیان هاوسه‌نگییان بۆ دروست ده‌كات له‌سه‌ر ئاستى كاركردن و ژیانیان، بۆیه ئه‌وان بایه‌خ به خێزانه‌كانیان ده‌ده‌ن و سه‌ره‌ڕاى بایه‌خدان به‌كاره‌كانیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له كاتى ده‌ستبه‌تاڵى هه‌فتانه چه‌ندان سه‌عات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى خێزانه‌كانیان ته‌رخان بكه‌ن و جگه له كێشه‌یش كاتى خۆش له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.