تەنیا لە جەژن 40 حاڵەتی شەڕە چەقۆ لە سلێمانی تۆمار كراوە

:: PM:07:39:17/08/2019 ‌
بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ڕووداوەكانی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند و بەپێی تۆماری حاڵەتەكان تەنیا لەماوەی ئەو چوار ڕۆژەی جەژن زیاتر لە 40 حاڵەتی شەڕە چەقۆ تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، یاد نەقشبەندی بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، لە ڕۆژانی جەژن لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی فێركاری 12 حاڵەتی برینداری هاتوچۆ تۆمار كراوە و نۆ حاڵەتی پێوەدانی دووپشك و 172 نەخۆشیش خەوێنراون، هاوكات لەو ماوەیەدا 319 كەس سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووە سێ‌ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار كراوە.

نەقشبەندی گوتی، لە سەنتەری 122 كە تایبەتە بە گواستنەوەی حاڵەتە بەپەلەكان 50 حاڵەتی بەپەلە گواستنەوە تۆمار كراوە و 16 حاڵەتی مردن هەبووە و 529 كەسیش سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەناویان كردووە و 40 حاڵەتی شەڕ بەچەقۆ تۆمار كراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم