لیژنەی كشتوكاڵی سلێمانی: لە سنوورەكان هیچ تاقیگەیەك نییە بۆ پشكنینی خۆراكی هاتوو

:: PM:11:43:17/08/2019 ‌

ڕۆژانە خۆراك و كاڵای خراپ دێتە ناوەوەی پارێزگای سلێمانی و لایەنە پێوەندیدارەكانیش هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوە و بوونی خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو و دەڵێن، هاووڵاتییانی هەرێم سەرەڕای زیانە تەندروستییەكە، زیانی ئابووریشیان پێ دەكەوێت.

كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنوورەكان هیچ تاقیگەیەك نییە بۆ پشكنینی ئەو خۆراك و مەوادانە و دڵنیایی بدرێتە هاووڵاتییان، تەنیا بە شێوەیەكی ئاسایی و بە چاو سەیری خۆراك و كەلوپەلەكان دەكرێن كە دێنە ناوەوە لە ڕێگەی سنوورەكانەوە.

زیاتر گوتی، داوامان كردووە ئەو كۆمپانیایانەی خاڵە سنوورییەكان بەڕێوە دەبەن، پابەندیان بكەن بە تاقیگەی تایبەت و كوالێتی باش بۆ پشكنینی ئەو خۆراك و خواردنانەی كە دێنە ناوەوە، ئەوەی ڕۆژانە لە سنوورەكە ڕوودەدات بۆ خۆراكی بەسەرچوو و خراپ، بووەتە جێگەی پرسیار بۆ ناوچەكە و هەروەها لاوازیی ئیدارەكە دەگەیەنێت.

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ روونی كردەوە، لە هەموو مەرزەكانی هەرێم ئەو شێوازە هەیە و خۆراك و مەواد دێتە ناوەوە، بەڵام دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە كە ژیانی هاووڵاتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە، هەروەها كاریگەری ئەو مەوادانە و بەهۆی بەردەوامی هاتنیان، تەندروستی هاووڵاتییان لە مەترسیدایە و ئەوەی گرنگە خاڵە سنوورییەكان بگیرێن و كاری قاچاغی ڕێگەی لێ بگیرێت.

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئەوەی ژێرخانی ئابووری خۆی بەهێز بكات و پێویستی بە دەرەوە نەبێت، بۆیە ئەو خۆراك و مەوادانە كە پێویستن لە وڵاتانی دراوسێ بۆمان ڕەوانە دەكرێت، بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان ئەوانن دەچن كەلوپەل هاوردە دەكەن، پێش ئەوەی بەرپرسیاریەتی بكەوێتە سەر وڵاتان، بەرپرسیاریەتییەكە لەسەر شانی بازرگانەكانی خۆمانە.

زیاتر گوتی، ئەو خۆراك و مەوادە خراپانە یان كەمبوونەوەی ماوەی بەسەرچوونیان، لە دوو ڕووە كاریگەری خراپ لەسەر هاووڵاتی هەیە، لە لایەك ئەو خۆراكە كە دەیكڕێت و خراپە و تەندروستی تێك دەدات و زیانی پێ دەگات و پارە خەرج دەكات لە پێناو تێكچوونی تەندروستی، لە لایەكیشەوە ئەو پارەیەی كە داویەتی بەو خۆراكە ئەگەر هەرزانیش بووبێت بەخۆڕا چووە و سوودی لێ وەرنەگرتووە.

لای خۆیەوە هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆراكی ماوە بەسەرچوو هەر خۆی پێناسەی بۆ تەندروستی كردووە، ئەو جۆرە خواردنانە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان هەیە و دەبنە هۆی ژەهراویبوونی هاووڵاتییان و سكچوون و ڕشانەوەی لێ دەكەوێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل