بەرپرسی نووسینگەی عەبدولمەهدی و فەیاز و خەمیس خەنجەر لە لیستی سزادراوانی ئەمەریكان

:: AM:10:33:19/08/2019 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوەی راگەیاندنی لیستێكی تری سزا ئابوورییەكانی وەزارەتی دارایی ئەمەریكی بەسەر بەرپرسانی عێراقی، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگاركردنی ئەبوجیهاد ئەلهاشمی بەرپرسی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی. سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماتكار دەڵێ، ئەبوجیهاد و فالح فەیاز و خەمیس خەنجەر ناویان لە لیستە نوێیەكە هەیە. 

دوای راگەیاندنی ناوی چوار بەرپرسی باڵای عێراق لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمەریكا و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەریاندا، دەنگۆی راگەیاندنی لیستێكی تر هەر ئەودەم هەبوو، سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماتكار ئاشكرای دەكات لەو لیستەی كە وەزارەتی دارایی ئەمەریكی بە نیازە رای بگەیەنێت، ناوی ئەبوجیهاد ئەلهاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند كەسایەتییەكی تریشی تێدایە.

سەرچاوەكە زیاتر روونی كردەوە، لەو لیستەی ئەمەریكا بە نیازە ئاشكرای بكات تا سێ هەفتە، پێش ئێستە ناوی ئەلهاشمی و چەندان كەسایەتی سیاسی هێڵی پێشوەی تێدایە، لەوانە خەمیس خەنجەر سەركردەی پڕۆژەی عەرەبی و فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و كەسایەتی دووەمی ناو رێكخراوی بەدر بە سەركردایەتی هادی عامری، ناویان لە لیستەكەدا هەیە.

هێشتا لیستەكە بە فەرمی بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام پێ دەچێ ئێرانییەكان رێخۆشكەرییان بۆ ئەلهاشمی كردبێت تا لەگەڵ بەرپرسانی قەتەڕی كۆ ببێتەوە، دیاریش نییە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەو كۆبوونەوە و هەوڵانە ئاگادارە یان نا لە رازیكردنی ئەمەریكییەكان بۆ سڕینەوەی ناوی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی، بەقسەی سەرچاوە دیپلۆماسییەكەش بێت كە قسەی بۆ رۆژنامەی "عەرەب"ـی لەندەنی كردووە، پێ دەچێت قەتەڕییەكان لەو ناوەندگیرییەدا سەركەوتوو بووبن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەلهاشمی لە ماوەی نزیكی رابردوودا دووجار سەردانی دەوحەی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی قەتەڕی دانیشتنی هەبووە و لە رێی ئەوانیش چاوی كەوتووە بە دیپلۆماتكارانی ئەمەریكی لە قەتەڕ، توانیویەتی ئەمەریكییەكان رازی بكات بۆ رێكخستنی دیدارێك لەگەڵ بەرپرسێكی كۆشكی سپی لە یەكێك لە پایتەختەكانی وڵاتانی ئەوروپی.

فاڕووق یوسف چاودێری سیاسی عێراقی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێ، ئەوەی جێی سەرنجە قەتەڕ هەوڵی رزگاركردنی پیاوێكی ئێرانی بدات لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گوتی "ئەگەر وەزارەتی دارایی ئەمەریكی ناوی ئەلهاشمی خستبێتە ناو لیستە نوێیەكە، ئەوا سڕینەوەی بۆ نییە و ئەمە پرسێكە پێوەندارە بە تیرۆر و بڕیارەكانی سەروەرین و كەس بۆی نییە دەستوەردان بكات".


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 1181 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌