بەشێک لە گوندەكانی سنووری شارۆکەی چۆمان لە تۆڕی
مۆبایل بێبەشن و بۆ پەیوەندی کردن بە ناچاری روو لە شوێنە بەرزەکان دەکەن.
رێگر جەمال گەنجێکی دانیشتووی باڵەکایەتییە و بۆ
"وشە" ئاشکرای دەکات، تۆڕەکانی مۆبایل لە دەڤەری باڵەکایەتی و زۆربەی
شارەدێیەکان وەک پێویست نییە، زۆر خاو و خراپن، لە باڵەكایەتی گوندی وا هەیە تا
ئێستا تۆڕی مۆبایلی نییە یان خراپ و سستە، وەک گوندەكانی، گوندەژۆر، شۆرێ،
گەڵەژێر، خۆشكان، ئێنە، مەران، باسان، پڕژە و بە گشتی لە زۆر گوند ئەم گرفتە هەیە.
مەهناز وسوو کچە قوتابییەکی پەیمانگایە لە سنووری
چۆمان و وەک بۆ "وشە"ی باس دەکات، دڤەری باڵەكایەتی شوێنێكی گەشتیارییە
و پێویستە هەموو هێلێكی مۆبایل و ئینتەرنێتی هەبێت، ئەمەش وایكردووە گەنجان لە
جیهانی هەواڵ و پێشكەوتن و خۆشی و زانیارییەكان بەدوور بن، داوامان وایە ئەم
كێشەیە بۆ ئەم گوندانە چارەسەر بكرێت و تاوەری مۆبایل لە گوندەکان دابندرێت تا
سوودمەند ببین .
وێڕای پێشكەوتنی جیهان لە ڕووی تكنەڵۆژیا و
تۆڕەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، لە هەرێمی كوردستانیش چەند جۆرە هێلێكی ئینتەرنێت
وەگەڕ خراوە، بەڵام لە سنووری باڵەكایەتی زۆرێك لە گوندەكان و هاوینەهەوارەكان
كێشە و گرفتی هێلی ئەنتەرنێت و مۆبایلیان هەیە.
ئەحمەد قادر قائیمقامی چۆمان پشتڕاستی هەواڵەکەی
کردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هەڵکەوتەی جیوگرافیای ناوچەکە و
بەرز و نزمی گوندەکان تا ئێستە بەشێک لە گوندەکانی سنووری کارگێڕیمان بێبەشن لە
تۆڕەکانی مۆبایل و هێڵەکانی ئینتەرنێت.
بە گووتەی قایمقای چۆمان، لەڕێی پارێزگاوە هەموو
داواكاری گوندەكانمان گیاندۆتە كۆمپانیاكانی مۆبایل بۆ چارەسەر كردنی و دەشڵێت،
هەر كەس و کۆمپانیایەک بۆ ئەم گرفتە هاتبێتە لای ئێمە، ئێمە هەوڵی خۆمان بۆ داوە و
نووسراومان بۆ سەرووی خۆمان بەرز كردۆتەوە و پشتگیریشیان دەکەین بۆ دانانی بورج بە
مەبەستی سوودمەند بوونی هاووڵاتییان لە تۆڕەکانی مۆبایل و پێوەندی کردن.
سنووری باڵەكایەتی پێکهاتووە لە شارۆکەی چۆمان و
هەریەک لە شارەدێیەکانی سمیلان، گەڵاڵە، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، لەگەڵ زیاتر لە 116
گوند.
چۆمان/ موڕشید برادۆستی