خورماتوو لە تەعریبكردنی حەشدی شەعبی هاتە دەنگ

:: PM:09:19:15/01/2017 ‌

ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو بڕیاری بە شارۆكەكردنی ئامرلی لەلایەن توركمانە شیعەكان و حەشدی شەعبییەوە رەت دەكاتەوە و ئەو كارە بە پێچەوانەی دەستوور ناو دەبات، شرۆڤەكارێكیش دەڵێ حەشدی شەعبی هەر بەنیازی تەعریب هاتبوونە سنووری خورماتوو.

سەباح جومعە گوتەبێژی ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو هیچ پرس و رایەكی پێ نەكراوە بۆ بە شارۆكەكردنی ئامرلی، بۆیە بەلای ئەنجوومەنەكەوە ئەو هەنگاوە نا یاسایییە، ئەوە بەدەر لەوەی ناوچەكانی سەر بە خورماتوو و خورماتووش ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی هەرێمن.

زیاتر گوتی، بەر لە  چوار ساڵ هەمان هەوڵ هەبوو بۆ بە شارۆكەكردنی ئامرلی، واتە لە ساڵی 2012دا، بەڵام ئەو كات ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو ئەو داوایەی بەرپرسانی شارەدێی ئامرلی رەت كردەوە.

جومعە روونی كردەوە كە ناسەقامگیری دۆخی ئێستەی عێراق بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەرپرسانی توركمانی شیعە و حەشدی شەعبی لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و بێ پرس و را بە ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو ئەو هەنگاوە نا یاسایییە بنێن.

13 ی ئەم مانگە بەرپرسانی شارەدێی ئامرلی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حەشدی شەعبی بە شارۆكەبوونی شارەدێكەیان راگەیاند كە پێشتر بەشێك بوو لە شارۆكەی خورماتوو، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ناوچەكە ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی هەرێمە و كێشەی لەسەرە، چونكە سەر بە خورماتووە.

حەسەن سلێمان شرۆڤەكار لە شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" پێداگری كرد كە هاتنی حەشدی شەعبی بەبیانووی رزگاركردنی ئامرلی لە 2014دا و پاشتر مانەوەیان لە ناوچەكە سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە ئەوان بە نیازی تەعریبكردنی ناوچەكە درێژەیان بەمانەویان دابوو.

زیاتر گوتی، عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری لیستەكەی مالكی لە سەرووبەندی رزگاركردنی ئامرلی لە دەستی چەكدارانی داعش بەڵێنی بە شارۆكەكردنی بە هاووڵاتییانی ناوچەكە دا، ئەكارەش بەدابڕانی ناوچەكە دەبێ لە خورماتوو.

پێشتریش بەرپرسی كاروباری پارێزگاكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی ناوەند لە دوا رۆژەكانی ساڵی رابردوو ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەزامەندی پیشان داوە بۆ ئەوەی ئامرلی بكرێتە شارۆكە.

شارەدێی ئامرلی لە رووی كارگێڕیییەوە سەر بە شارۆكەی خورماتووە، ژمارەی دانیشتوانی پتر لە 70 هەزار كەس دەبێ و دانیشتوانەكەی لە زۆرینەی توركمانی شیعە و كوردی سوننە و عەرەبی سوننە پێك هاتوون.

گەرمیان – سەبری هۆرینی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل