مۆڵەتی شوفێری لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێتەوە

:: AM:10:58:24/08/2019 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات، مۆڵەتی شوفێری گشتی دوای جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی ئاب، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەدەغەكردنی كاری شوفێری تەكسی لە فەرمانبەران، ئەوا مووچەخۆران پابەند دەكرێن.

ڕوونی كردەوە، بەپێی بڕیارەكە كە لە ڕۆژی یەكی ئەیلوول دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بۆیە لە كاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری ئەوا مۆڵەتەكان لە گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ تایبەتی.

باسی لەوەش كرد هێشتا هیچ ڕێنوێنی و بڕیارێك نیی بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە، بۆیە چاوەڕوانین لە یەكی ئەیلوول بچێتە بواری جێبەجێكردن.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری دا كاری شوفێری تاكسی لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان قەدەغە بكات لە یەكی حوزەیران، بەڵام دواتر ئەو وادەیە درێژ كرایەوە بۆ یەكی ئەیلوول.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 هەزار تاكسی هەیە و ژمارەیەكی زۆری ئەو تاكسییانە لە لایەن فەرمانبەرانی حكوومەت كاریان پێ‌ دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 15604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌