29 تیرۆریست لە فەلووجە گیران

:: PM:04:51:16/10/2016 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم هێزەكانی حەشدی نیشتمانی سونەكان لە فەلووجە، توانبیان 29 تیرۆریست لە شارۆكەی فەلووجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار بگرن.

فەرماندەی حەشدی نیشتمانی لە ئەنبار محەمەد دلێمی ئاشكرای كرد، كە ئەندامانی حەشدی نیشتمانی لە هۆزەكانی ناوچەكە، توانییان 29 تیرۆریست لە نێو شارۆكەی فەلووجە بگرن، دوای ئەوەی هەوڵیان داوە فیتنە لە نێو ریزەكانی حەشدی نیشتمانی دروست بكەن و لە رێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییەوە پێوەندییان بەستووە و هەوڵیان داوە كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

هەروەها گوتی، ئەو تیرۆریستانە سوپایەكی ئەلیكترۆنییان دروست كردبوو و سەرەتا دەیانویست لە رێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ناكۆكی و فیتنە لە نێو هێزەكانی حەشدی نیشتمانی دروست بكەن، بەڵام دواتر توانیمان كەسێكیان بگرین و دوای لێكۆڵینەوە ناوی 29 كەسی تری پێ داین. 

ئاماژەی دا، دوای گەڕان و بەدواداچوون، توانرا ئەمڕۆ 29یەم كەسیان بگرین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكەین.

ئەو سەركردەیەی حەشدی نیشتمانی گوتی، ئەو كەسانە پێشتر دەستیان لە چەندان كردەی تیرۆریستی لە حەویجە و ناوچەكانی تر هەبووە، ویستوویانە خەڵكی كۆ بكەنەوە و شانەی نهێنیی تیرۆریستان لە ناوچەكە دروست بكەنەوە و دەست بە كردەی تیرۆر بكەن.

سەرجەم ئەو تیرۆریستە گیراوانە رادەستی پۆلیس و دادگە گیراون تا رێوشوێنی یاسای و سزای یاسایییان بەسەردا بسەپێنرێت، محەمەد دلێمی فەرماندەی حەشدی نیشتمانی لە ئەنبار وای گوت.

فەلووجە دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و رۆژئاوای شاری روومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار، دوای هاتنی داعش بۆ عێراق لەلایەن تیرۆریستانەوە كۆنتڕۆڵ كرا و دواتر لەلایەن میلیشیاكان و هێزەكانی تری عێراقییەوە كۆنتڕۆڵ كرایەوە، بەڵام لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێشێلكاری گەورە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی سونە ئەنجام درا و ماڵ و سامانیان تاڵان كرا.

سەرچاوە: الجمهوریە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د