بەرپرسێكی حزبی كێشە دەخاتە بەردەم تیروپشكی مەرزی باشماخ

:: PM:05:57:18/01/2017 ‌

ساڵانە بەمەبەستی دیاریكردنی شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان، تیروپشك ئەنجام دەدرێت، ماوەی پێنج ساڵە لە مەرزی باشماخ بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن چەند بەرپرسێكی حزبی تیروپشك ئەنجام نەدراوە.

ئەمرۆ چوارشەم مەولوود باوەموراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، پێشوازی كرد لە نوێنەرانی شوفێرانی مەرزی باشماخ بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانیان لە خاڵە سنوورییەكان تا گرفتی تیروپشكی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری مەرزی باشماخ چارەسەر بكرێت كە لە ساڵی 2010ەوە تا ئێستە نەكراوە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی، دەستوەردانی كەسی و حزبی نابێت بێڵین و من دەنگی هەموو ڕەنگەكانم و كێشەم لەگەڵ هیچ بیر و بۆچونێكدا نییە و دەرگەی وەزارەتیشمان هەردەم واڵایە بۆ هەموو ئەوانەی كێشەیان هەیە و گرفت و بەربەستەكانیان دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین.

باوەمراد دەڵێ‌، بۆ تیروپشك ئەنجامدانی هەر خاڵێكی سنووری چەند ڕێكارێكی یاسایی و لیژنەی تایبەت و شارەزامان هەیە و هەر خاڵێكی سنووری پێویستی بە چ جۆر و چەند ژمارە ئۆتۆمبێل هەبێت، دوای داواكردنی لەلایەن بەڕێوبەرەی خاڵە سنوورییەكەوە بەبرپرسی یەكەی ئیدارەی ئەو شوێنە و نوێنەری وەزارەتی گواستنەوە لەو یەكە ئیدارییە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆو سەندیكای شوفێران داواكاریەكەیان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی پارێزگای ئەو خاڵە سنووریە دەكرێت تا ڕێكاری یاسایی بۆ ئەنجامدانی تیروپشك بگیرێتە بەر و دەستوەردانی هیچ كەس و لایەك قبووڵ ناكەین.

سەعید خەتاب نوێنەرێكی شوفێران بۆ "وشە" دەڵێت، بەرپرسێكی حزبی ئەو مەرزەی كۆنتڕۆڵ كردووە و ناهێڵێت ئێمە كاری خۆمان بكەین، هەروەها چەندین ساڵە ڕێگە نادات ئێمە تیروپشك بكەین بۆ دیاریكردنی شوفێر.

مەرزی باشماخ دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و نزیكەی 240 ئۆتۆمبێلی بار هەڵگر لەو مەرزە ڕۆژانە هاتوچۆ دەكەن.




وشە - رامیار جەواد