چەند لایەنێک لە کەلار فۆڕمی ساختەیان بە فەرمانبەران فرۆشتووە

:: PM:03:22:11/09/2019 ‌
لە ئێستادا دووكۆمپانیای تایبەت بە یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە ئامادەكاریدان بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، لەو سەروبەندەدا چەند سەندیکا و كەسانێك بێ ئاگاداری لایەنە پێوەندیدارەكان فۆرمی فرۆشتنی ئەو یەكانەیان دابەش کردووە، ئەمڕۆ رێگییان لێ کرا و پارەکانیشیان پێ گەڕاندنەوە بۆ هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، رزگار وەهاب سەرپەرشتیاری دابەشكردنی فۆڕمی یەكەكانی نیشتەجێبوونی تایبەت بە فەرمانبەران لە سنووری ئیدارەی گەرمیانبە " وشە"ی راگەیاند، لەم رۆژانە چەند سەندیكا و كەسانێك لە سنووری شارۆكەی كەلار، بێ ئاگاداری یەكێتی فەرمانبەرانی كوردستان-لقی گەرمیان و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت، فۆڕمی یەكەكانی نیشتەجێبوونی گاردینا لە شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار و یەكەكانی كۆمپانیای سەرگرمەیان لە كەلار دابەش كردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەم پاش ئەوەی ئێمە ئەو سەندیكا و كەس و لایەنانەمان ئاگادار كردەوە، ئەوانیش ئەو پارەی كە بۆفۆڕمی یەكەی نیشتەجێبوون وەریان گرتبوو گەڕاندیانەوە بۆ فەرمانبەران.

"ئێمە وەك سەرپەرشتیارانی فۆڕمی یەكەكان و لقی گەرمیانی یەكێتی فەرمانبەرانی كوردستان، بێ بەرانبەر فۆڕم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكەین، جیاواز لە فۆڕمی یەكەكانی مامۆستایان و ئەندازیاران كە بۆ هەر فۆڕمێك پێنج هەزار دینار لە فەرمانبەران وەرگیرابوو" رزگار وەهاب وای گوت.


سەرپەرشتیاری دابەشكردنی فۆڕمی یەكەكانی نیشتەجێبوون دووپاتی دەکاتەوە، بۆهەر فۆرمێك بڕی پێنج هەزار دینار لە فەرمانبەران وەرگیرابوو، بەڵام بە زوویی ئەو كارە نا یاساییەمان راگرت و لێكۆڵینەوەش دەكەین.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان