گیراوانی سیاسیی كورد زەویان بەسەر دابەش دەكرێ

:: PM:08:33:18/01/2017 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئاشكرای كرد كە لە هەفتەی داهاتوودا گیراوانی سیاسیی كورد كە لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا گیرابوون لە ناوچەی كوردستانییەكانی دیالە، زەویان بەسەردا دابەش دەكرێ.
 
زاهیر تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەسەر لیستی ئاشتی كوردستانی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە "وشە"ی  راگەیاند، هەفتەی داهاتوو پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر 250 گیراوی سیاسی لە سنووری پارێزگای دیالە لە ناوچە كوردستانییەكان دابەش دەكرێ.

زیاتر گوتی، لە سەتا سەتی ئەو گیراوانەش كە ناویان هاتووەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا گیرابوون و ئەوانەشی زەوی دابەشكردنەكە دەیانگرێتەوە سەرجەمیان كوردن.

تاهیر روونی كردەوە كە وەك ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەمیشە هەوڵ دەدەین لە هەر دەستكەوتێك بۆ هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دیالەی ناوچە كوردستانییەكان لە بنەمای كارەكانماندا بێ بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان، هاوكات دەبێت یەكە كارگێڕییەكانی خانەقینیش هەماهەنگیان هەبێ لەگەڵ پارێزگای دیالە و بەڕێوەبەرایەتیەكانی پارێزگای دیالە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئاماژەی دا كە بڕیاری دابەشكردنی زەوی كۆتایی هاتووە و وەك موژدەیەك بە گیراوانی سیاسی رادەگەیەنین.

سەلام حەسەن گیراوێكی سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعس لە خانەقین بۆ "وشە" ئاماژەی دا كە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوی دەكەین و روونی كردەوە كە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیان ئاگەداركردبووە و داوایان كردبوو كە رەزامەندییان بۆ وەربگرن.

 گەرمیان – سەبری هۆرینی 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل