شارەوانییەكانی گەرمیان زەوی بە بەجێماوانی ئەنفالكراوان نادات

:: PM:04:59:15/09/2019 ‌
بەجێماوانی ئەنفال و رێكخراوەكانی دۆزی جینۆساید لە گەرمیان، نیگەرانن لەوەی ساڵ و نیوێك دەبێ، سەرباری بڕیاری پێدانی زەوی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، زەوییەكەیان لەو شوێنە پێ نادرێت كە بۆیان دیاری كرابوو. رێكخراوێكی ئەنفال دەڵێ رژێمی بەعسیش شوێنی دەسەپاند بەسەر بەجێماوانی ئەنفالدا. لە بەرانبەردا شارەوانییەكانی گەرمیان دەڵێ "چاوەڕوانین دەسەڵاتمان بۆ شۆڕ بكرێتەوە بۆ ئەوەی زەوییەكە لە كەلارەوە بۆ رزگاری بگۆڕین".

لە هاوارنامەیەكدا لەرێی "وشە"ـەوە، كۆمەڵێك لە بەجێماوانی ئەنفال لە شارەدێی رزگاری سەربە شارۆكەی كەلار، ئاشكرایان كردووە كە ئەگەرچی لە مانگی شوباتی ساڵی 2018ـەوە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی هاتووەتەوە لە سنووری شارەوانیی كەلار، كەچی بەبیانووی ئەوەی ناوەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سنووری شارەدێی رزگاری، تا ئێستە ئەو زەوییانەیان پێ نەدراوە.

كەسوكاری ئەنفالكراوان وێڕای ئاگاداركردنەوەی "وشە"، رێكخراوەكانی تایبەت بە دۆزی ئەنفالیشیان لەو كێشەیە ئاگادار كردووەتەوە.

فەتاح تەنیا داكۆكیكاری مافی ئەنفالكراوان و دامەزرێنەری رێكخراوی چواردەی چوار كە تایبەتە بە دۆزی ئەنفال، بۆ "وشە" رای گەیاند، حكوومەت بڕیارێك دەردەكات بۆ دابەشكردنی زەوی، نابێ هیچ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكی سەربە هەر وەزارەتێك لە وەزارەتەكانی حكوومەتەكە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكەن، چونكە ئەوە سەرپێچیكردنە.

ئەو گوتی، "كەسوكاری ئەنفالكراوان نابێ شوێنی نیشتەجێبوون و پێدانی زەوییان بەسەردا بسەپێنرێت، چونكە ئێستە ئاگادارن بەجێماوی ئەنفال هەیە لە شارۆكەی كەلار، ناوی بۆ وەرگرتنی زەوی هاتووەتەوە و گوشاری خراوەتە سەر لە شارەدێی رزگاری زەوی پێ بدرێت و مەرجی بەسەردا بسەپێنرێت، لە بری كەلار هەر لە رزگاری نیشتەجێ بێ".

بەگوتەی فەتاح، بەجێماوانی ئەنفال لە سەروبەندی پرۆسەی ئەنفالدا بەخواستی خۆیان نەبووە لە رزگاری /سموود/ نیشتەجێ كراون، ئەمە فەرمانێكی دیكتاتۆرانەی بەعس بووە، ناكرێ ئێستەیش هاوشێوەی سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعس شوێنی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری ئەنفالدا بسەپێنرێت.

"ئەگەر هاوشێوەی رژێمی رووخاوی بەعس و سەدام شوێنی نیشتەجێبوون بەسەر بەجێماوانی ئەنفالدا بسەپێنرێ، قبووڵی ناكەین. كەسوكاری ئەنفالكراوان مافی خۆیانە سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن لە دژی ئەو داودەزگە و كەسانەی رێگرن لە جێبەجێكردنی فەرمانی وەرگرتنی زەوی، چونكە ئەوان ناویان هاتووەتەوە و ناكرێ زەوییان پێ نەدرێ" سەرۆكی رێكخراوی چواردەی چوار وای گوت.

ئەوەیشی خستەڕوو، كەسانێك ناویان لە شارۆكەی كەلار هاتووەتەوە بۆ زەوی كە خۆیان نیشتەجێی رزگارین، بەڵام ئاگادارین ئێستە هەوڵی رژد دەدرێ لە بری كەلار، لە رزگاری زەوییان پێ بدرێت، لە كاتێكدا مافی سروشتی بەجێماوانی ئەنفالە لە كەلار زەوییەكەیان پێ بدرێ.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ژمارەی ئەو خێزانانەی كەسوكاری ئەنفال كە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە لە كەلار، 70 خێزانن.

هاوكات ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی شارەدێی رزگاری، بۆ "وشە" روونی كردەوە، پێشتر هەر لە چوارچێوەی ئەو فەرمانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 450 پارچە زەویی دابەش كرا بەسەر ئەو خێزانانەی دانیشتووی رزگارین، بەڵام كۆمەڵێك خەڵك هەن دانیشتووی رزگارین و ناویان لە كەلار هاتووەتەوە، بۆیە دووبارە نووسراویان بۆ دەكەین و لە رزگاری زەوییان بۆ دابین دەكەین.

وەك ئەرسەلان گوتی، بەپێچەوانەی ئەو كەسانەی خۆیان لە كەلار و كفرین و لە رزگاری ناویان هاتووەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، ئەمانەش گواستنەوەیان بۆ دەكرێ بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.

سەرۆكی شارەوانیی رزگاری باسی لەوەش كرد، لە كەلار تا ئێستە زەوی ئامادە نەكراوە بۆ دابەشكردنی كە پێوەندی بە شارەوانییەكانی گەرمیان و كەلارەوە هەیە.

زیاتر گوتی، "وەك شارەوانیی رزگاری چاوەڕوانی فەرمانی شارەوانییەكانی گەرمیان دەكەین بۆ گواستنەوەی ناوی نزیكەی 70 خێزان تا لە رزگاری زەوییان پێ بدرێت، لە سنووری رزگاری زەویمان هەیە بۆ ئەوەی بەسەریاندا دابەشی بكەین."

سەرۆكی شارەوانیی رزگاری هێمای بۆ ئەوەش كرد كە زەوی كەم بووەتەوە، بەڵام بەشی ئەو خێزانانە بەردەستە كە كار بۆ گواستنەوەی ناوەكانیان دەكرێ بۆ ئەوەی لە بری كەلار، لە رزگاری زەوییان بەسەردا دابەش بكرێت.

لە بەرانبەردا بارزان كەریم بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە وەك شارەوانییەكانی گەرمیان نووسراویان كردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی دەسەڵات، لەبەرئەوەی گۆڕینی فەرمانی زەوی لە جێیەكەوە بۆ جێیەكی تر، پێویستی بە پێدانی دەسەڵاتە و ئەوان لە دەسەڵاتیاندا نییە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كفری بهێننە كەلار و لە كەلار بۆ رزگاری و بەپێچەوانەوە شوێنەكانیان بگۆڕن، بۆیە چاوەڕوانن ئەو دەسەڵاتەیان پێ بدرێت.

بەگوتەی ئەرسەلان ئەحمەد، ئەوانەی كارتی نیشتەجێبوونیان 2017یە لەهەر جێیەك بووبن، لەو جێیە زەوییان پێ دەدرێت، ئەوانەیشی كارتی نیشتەجێبوونیان نییە، ئەگەر لە رێی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ و ئەنجوومەنەكانەوە یەكلا كرایەوە لە 2017 لە كوێ نیشتەجێ بوونە، لەو جێیە زەوییان پێ دەدرێت.

لە هەموو جێیەك لە سنووری گەرمیان زەوی بەردەستە، بەڵام وەك بەڕێوەبەرەكە دەیخاتە ڕوو، لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری دیالە كە هاوشێوەی بەجێماوانی ئەنفال، زیندانیانی سیاسی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و ناچارن لە گەرمیان زەوییان پێ بدەن، چونكە ناتوانن زەوی لە ناوچە كوردستانییەكان بەكار بێنن، بۆیە زیندانییانی سیاسیی سنووری خانەقین لە سنووری شارەوانی رزگاری زەوییان پێ دەدرێ، ئەوانەی سنووری خورماتوو لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی كفری زەوییان پێ دەدرێت. 
لە ساڵی 1988 و لە سەروبەندی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، رژێمی رووخاوی بەعس ئۆردوگای زۆرەملێی سموودی بۆ بەجێماوانی ئەنفال لە سنووری شارۆكەی كەلار دروست كرد، پاش راپەڕینی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لە بەهاری 1991 ناوی سموود گۆڕا بۆ رزگاری.

بەدواداچوونی/ سەبری هۆرێنی 




وشە - وشه‌