كاریگه‌ریی وازهێنان له‌ گۆشت

:: PM:09:04:15/09/2019 ‌

هه‌ندێ كه‌س، هاوشێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی "غاندی" به‌ ته‌واوی واز له‌ گۆشت و به‌رهه‌مه‌كانی ده‌هێنن و ده‌بنه‌وه‌ ڕووه‌كی، به‌ڵام ئایا تا چه‌ند كاریگه‌ریی باش یان خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستییان دروست ده‌كات.

ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ ڕووه‌كی، دوو جۆرن، ڤیگه‌ن و ڤیجیته‌ری. واته‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نیا گۆشت ناخۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئاژه‌ڵیش ناخۆن، وه‌ك شیر و سپیایی، هێلكه‌، ڕۆنی ئاژه‌ڵ و ته‌نانه‌ت هه‌نگوینیش.

ئه‌م جۆره‌ كاره‌، ڕه‌نگه‌ لایه‌نی باشی زۆر بێت و لایه‌نی خراپیشی هه‌بێ، پێگه‌یه‌كی ته‌ندروستیی ئه‌و ورده‌كارییه‌ی ب ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چی له‌ جه‌سته‌ دێت ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوی ببێت به‌ ڕووه‌كی.

به‌ گشتی، وازهێنان له‌ گۆشت، به‌ تایبه‌تی گۆشتی سوور، چه‌ندان كاریگه‌ریی باش دروست ده‌كات، بۆ نموونه‌ به‌هیزبوونی قژ، نینۆكه‌كان، زیادبوونی زیره‌كی و زۆر شتی تر.

سالی وارن، پزیشكی زانستی ناتۆرۆبات له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، گۆشتی سوور، پڕییه‌تی له‌ كالۆریی به‌رز، پێش هه‌موو شت وازهێنانی ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كێش. به‌ڵام ده‌كرێ له‌جێی ئه‌و پرۆتینه‌ زۆره‌ی گۆشتی سوور پێمان ده‌به‌خشی له‌ڕێی ماسی و مریشكه‌وه‌ ده‌ستمان بكه‌وێ كه‌ زیانیان زۆر كه‌متره‌ و سووده‌كانیشان زۆره‌. ئه‌وانه‌یش كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ هیچ جۆرێك گۆشت نه‌خۆن، ئه‌وا ده‌كرێ له‌ ڕێی پاقله‌مه‌نییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و پڕۆتینه‌یان ده‌ست بكه‌وێ كه‌ كالۆریی كه‌متریشی تێدایه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: خواردنی گۆشتی سوور، له‌گه‌ڵ ئاردی سپی، قاوه‌، خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان، ڕێژه‌یه‌كی زۆری ترشه‌ڵۆكی به‌رز له‌ جه‌سته‌دا دروست ده‌كه‌ن و ده‌بێته‌ باشترین ژینگه‌ بۆ تووشبوون به‌ چه‌ندان نه‌خۆشی، جیا له‌وه‌ی تووشی ماندووبوونی زۆر و شڵه‌ژانی خه‌و و كه‌میی به‌رگریی جه‌سته‌ ده‌بیت.

دكتۆس سالی هه‌رگیز ئامۆژگاری ناكات خه‌ڵكی واز له‌ خواردنی گۆشت بهێنن، به‌ڵام ده‌ڵێ، هه‌میشه‌ داوا ده‌كه‌م گۆشتی سوور كه‌م بكه‌نه‌وه‌ یان هه‌ر نه‌یخۆن، چونكه‌ جیا له‌ چه‌ندان سوودی ته‌ندروستیی ناو جه‌سته‌، پێست خاوێن ده‌كاته‌وه‌ و دره‌وشانه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشێ، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانیه‌ له‌ به‌رانبه‌ردا میوه‌ و سه‌وزه‌ زۆر ده‌خۆت كه‌ پڕیانه‌ له‌ ڤیتامینه‌كان.

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك، ئه‌وانه‌ی به‌ گشتی وازیان له‌ هه‌موو جۆره‌ خواردنێكی گۆشت هێناوه‌، به‌ ته‌واوی له‌ شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن و هه‌ناو ڕزگاریان ده‌بێ. ساڵی 2015 ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ فه‌رمی گۆشتی سووری خسته‌ لیستی ئه‌و خواردنانه‌ی شێرپه‌نجه‌یان پێوه‌یه‌.

هه‌روه‌ها نه‌خواردنی گۆشت به‌ گشتی، ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی كۆلسترۆل له‌ جه‌سته‌دا، چونكه‌ پڕیانه‌ له‌ چه‌وریی تێر و له‌ جه‌سته‌دا ده‌بێته‌ كۆلسترۆلی زیانبه‌خش. كاتێكیش ئه‌و كۆلسترۆله‌ له‌ جه‌سته‌دا زیاد ده‌كات، جه‌سته‌ ناتوانێ چیتر هه‌ڵی بگرێ، بۆیه‌ به‌ دیواری ده‌ماره‌كانه‌وه‌ ده‌نووسێن و دواجار ده‌بێته‌ ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و دوور نییه‌ جه‌ڵته‌ی دڵ یان مێشكی لێ دروست ببێ.

له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێشدا ده‌ركه‌وتووه‌، وازهێنان له‌ خواردنی گۆشت و گۆڕینی به‌ خواردنی ڕووه‌كی، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌ پرۆتین و ڤیتامینه‌كانیان تێدایه‌، ئه‌وا ده‌بێته‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی كۆلسترۆل له‌ خوێندا بۆ 35% ئه‌مه‌ش واته‌ ڕكابه‌رێكی زۆر سرووشتیی ده‌رمانه‌.

زۆر خواردنی گۆشت، سیسته‌می به‌كتریا له‌ هه‌ناودا ده‌شێوێنێ كه‌ بریتییه‌ له‌ ملیۆنان میكرۆباتی دۆستی جه‌سته‌ كه‌ به‌شێكن له‌ به‌هێزبوون و پته‌ویی جه‌سته‌، هه‌روه‌ها به‌شێكن له‌ هێشتنه‌وه‌ی ساغیی ددانه‌كان. كاتێك واز له‌ خواردنی گۆشت ده‌هێنی، ئه‌و سیسته‌می به‌كتریایه‌ ڕێك ده‌بێته‌وه‌.

گۆشت پێک ھاتووە لە جەستەی ئاژەڵ کە زۆربه‌ی مرۆڤەکان دەیخۆن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا هه‌ندێك مرۆڤ به‌ هۆكاری ته‌ندروستی یان مرۆیی نزیكی نابنه‌وه‌. له‌ مێژوودا،  خواردنی گۆشت دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێش زایین، کاتێک مرۆڤەکان فێری کۆکردنەوە و ڕاوکردن بوون و كاتێكیش ئاگریان دۆزیوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌سه‌ر خواردنی گۆشت ڕاهاتوون چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی كوڵانه‌وه‌ باشتر توانیویانه‌ بیخۆن و تا ئێسته‌یش توانیوێتی جێگەی خۆی لە کۆمەڵگەدا بکاتەوە. کاتێک مرۆڤەکان فێربوون ھەندێک لە ئاژەڵەکانی وەک مریشک، پەز، مانگا و ھتد... ماڵی بکەن، فێربوون کە بەکاریان بھێنن تا سوودیان لێ وەربگرن و توانیویانە سوود لە گۆشتەکانیان ببین.

وێڕای ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد، نه‌خواردنی گۆشتیش گرفتی زۆری تێدایه‌، چونكه‌ سووده‌كانی گۆشت نه‌بڕاوه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌توانن جێگره‌وه‌ی گۆشت له‌ خواردنه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن، ئه‌وا ده‌توانن به‌پێ خواردنی گۆشتیش بگه‌ن به‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆتین و وزه‌یه‌ی له‌خۆی ده‌گرێ.

پسپۆڕانی خۆراك هه‌رگیز داوای نه‌خواردنی گۆشت ناكه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ باسی كه‌مردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی گۆشتی سوور كه‌ ده‌بێته‌ هۆی چه‌ندان نه‌خۆشی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌ندێكی باس كراوه‌ و ئامۆژداری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ خواردنی گۆشتدا، هه‌موو ئه‌و خواردنه‌ ڕووه‌كییانه‌ش بخورێ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی گۆشت كه‌م بكاته‌وه‌.



وشە - كوردۆ شابان