شارەزایان: هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە پێویستی بە مەرجەعیەتی سەرۆك بارزانی هەیە

:: PM:11:21:15/09/2019 ‌

مامۆستا و شارەزایانی سیاسی باس لە گرنگی و پێگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەكەن و پێیان وایە سەرۆك بارزانی ئێستە ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و دەستی كراوەترە لە خستنەڕووی دەستپێشخەری لەسەر ئاستی نەتەوەیی و سیاسی بۆ بەیەكەوە كاركردنی لایەنەكان و لەیەك نزیككردنەوەیان.

 دڵشاد نامیق، شرۆڤەكاری سیاسی و ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەركردەی خاوەن ڕوانگە و دیدگای دوورمەودا خۆی سەروەتێكی نیشتمانییە، بۆیە مان و نەمانی لە پێگەی فەرمی لە بواری حوكمڕانیدا، ناتوانن بایەخی كەم بكەنەوە، سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ هەرێمی كوردستان هەمان ڕۆڵ دەبینێت و هەمان پێگەی مێژووكردی هەیە، ئەو وەك سەمامی ئەمانە لەسەر ئاستی نەتەوەیی گەلی كوردستان و لەسەر ئاستی پێوەندی نێوان نەتەوەكانی كوردستانیش، هەر بۆیە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دركیان بەم ڕاستییە و پێگەی سەرۆك بارزانی كردووە، تەنانەت ئەوانەیشی كە ڕۆژانێك ویستوویانە پێگەی ئەم زاتە و قوڕسایی سیاسی و نەتەوەیی نادیدە بگرن، ئێستە دیدگای خۆیان ڕاستكردووەتەوە لەوبارەیەوە.

زیاتر گوتی، بێگومان ئەمە كارێكی باشە و سەركردەی حیزبەكان دەتوانن هاوكاری سەرۆك بارزانی بن، بەتایبەتی كە ئێستە سەرۆك بارزانی دەستی كراوەترە لە خستنەڕووی دەستپێشخەری لەسەر ئاستی نەتەوەیی و سیاسی بۆ بەیەكەوە كاركردنی لایەنەكان و لەیەك نزیككردنەوەیان، بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان، چونكە ئێستە دیدگای سەرۆك بارزانی دیدگا و ڕوانگەیەكی فراوانتر لە حیزب و حكوومەتی هەرێمە و لەسەر ئاستی نەتەوەییە كە بناغەكەی بریتییە لە پێكەوەژیان و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لەگەڵ قەدەغە و تەحریمكردنی تاهەتایی شەڕی خۆكوژی و ناكۆكی خوێناوی ناوماڵی كورد، لەمانەدا هەر حزب و سەركردەیەك زۆرترین هاوكاری بن زۆرترین شانازی نەتەوەیی و نیشتمانیان بەردەكەوێت.

لەو بارەوە عومەر محەمەد، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە یەكگەشتنی سەركردەی حزبەكان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، ڕابردووی هەرێم ئەوەی سەلماندووە كە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی لە یەكنزیكبوونەوە سەركردە و لایەنەكان سوودمەندەبێت، لەیەك دوركەوتنەوە و لە یەكترازاندا زیانیان پێ دەگەیەنێت و لە ئەنجامیشدا زیانی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

 زیاتر گوتی، سەرۆك بارزانی 65 ساڵە خەبات دەكات، كەسێكی بە ئەزموونە و هەموو نشێوییەكانی بینووە، ئەو سەردانانەی كەسی یەكەمی حزب و گرووپەكان بۆ لای زۆر گرنگە بۆ باشوور، ئێمە لە ڕابردوو بەشێكی زۆر لە خاكمان لەدەست دا، ئەوەش نیشانەی دووركەوتنەوەمان بوو لە یەكتری، دەركەوت چەند لە یەك دوور بین زیاتر زیانمان پێ دەگات.

ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە مەرجەعیەتی هەیە، لە سەرووی هەموو ئەوانەیشەوە بوونی مەرجەعیەتێك گرنگە كە سەركردەكان پرسی پێ بكەن، لە ڕابردوو سەردانی لایەنەكان بۆ لای بارزانی ئەوەمان پێدەڵێت كە سەرۆك بارزانی مەرجەعیەتی هەرێم و بۆ پرس و بابەت و پێشێهاتەكان پرسی پێ دەكرێت.

ئەو لایەنانەی كە سەردانی بارزانی دەكەن، خۆیان بە خەمخۆر دەزانن، بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە هەموو خەمخۆرەكانی وڵات لە دەوری یەك نزیك ببنەوە، عومەر ئەحمەد وای گوت.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل