ئایا پاره‌ی هاتوچۆ به‌ مامۆستایان ده‌درێت؟

:: PM:12:30:19/01/2017 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە هیچ بڕە پارەیەک لە ژێر هیچ ناوێک بە مامۆستایان نەدراوە و ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک قوتابخانە بڵاوبوونەتەوە دوورن لە راستی.

هەندێک دەنگۆ لای مامۆستایان بڵاوکراوەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە برێک پارەی هاتوچۆ گەیشتووەتە قوتابخانەکانی دەرەوەی هەولێر و هەندێک مامۆستاش کە ناویان لە لیستەکەدا نەهاتووە نیگەران بوون.

ژمارەیەک لەو مامۆستایانە پێوەندییان بە "وشە" گرتووە و باسی ئەوەیان کردووە کە لیستێک لە قوتابخانەکانیان چووەتە پەروەردە و مەودای دووری مامۆستاکان لە قوتابخانەکان دەستنیشان کراوە و ناوی هەندێک لە مامۆستایان نەنووسراوە بۆ ئەوەی بڕی ٧٥ دۆلاریان بۆ تەرخان بکرێت. 

سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "وشە" گوتی ئەوە تەنیا دەنگۆیە و هیچ راستییەکی تێدا نییە چونکە هیچ بڕە پارەیەک بۆ مامۆستایان تەرخان نەکراوە جگە لەو بڕە پارەیەی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەک پارەی هاندان بڕیاری لەسەر دراوە. بڕی ئەو پارەیەش بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار ١٥٠ هەزار دینار و ناوەوەی شاریش ١٠٠ هەزار دینارە.

ئەو روونی کردەوە ئەو بڕە پارەیەش لەگەڵ مووچەی مانگی ١٢ دابەش دەکرێت و مووچەی مانگی ١١ هاوشێوەی مانگەکانی تریان دەبێت.


وشە - سلێمان تاشان