واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی پارتی و یه‌كێتی دیاری كرا

:: PM:12:31:19/01/2017 ‌
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕای گه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، تێڕوانینی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هه‌فته‌ی داهاتووش جارێكی تر كۆ ده‌بنه‌وه‌.

پێشتر "سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌ و ئه‌ندامی شاندى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، ئه‌گه‌رچی واده‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

نێچیرڤان بارزانی، ئه‌و لێدوانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ی له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی بوو وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی فۆتۆگرافی به‌ ناوی "جوانییە شاراوەکان" كه‌ بۆ پێنج فۆتۆگرافه‌ری عێراقی و كوردستانی كرابووه‌وه‌.

رۆژى 11ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر، كۆبوونه‌وه‌ى نێوان شاندى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتیى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ی دوای په‌یامه‌كه‌ی رۆژی 20 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر كه‌ مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ی ڕای گشتیی كوردستانى كردبوو و تێیدا داوای كرد حزبه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆ و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرن، دواتر پێویسته‌ حزبه‌كان رێك بكه‌ون حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنن و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن و منیش به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌م.

له‌ سه‌ردانی ڕابردوودا، یه‌كێتى و پارتى بڕیاریان دا كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌ده‌وام بێت و له‌ راگه‌یه‌نراوى كۆتای كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، كار ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانى كۆمیته‌ى هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.


وشە - وشه‌