ناوی ئەو بەرپرسانەی پێشێلكارییان بەرانبەر رۆژنامەنووسان ئەنجام داوە بڵاو دەبێتەوە

:: PM:05:52:21/09/2019 ‌
رێكخراوە میدیاییەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستێكی رەشن بە ناوی ئەو سیاسی و گرووپە چەكدارانەی كە بەردەوام هێرش دەكەنە سەر رۆژنامەنووسان و پێشێلكارییان بەرانبەر ئەنجام دەدەن. روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری دەڵێ، جگە لەوەی ناویان لە لیستی رەش بڵاو دەكەینەوە ئەوا سكاڵاشیان لە دژ تۆمار دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، دوای نزیكەی دوو مانگ كاركردن لەسەر دروستكردنی لیستی بەرپرسانی سیاسی و گرووپە چەكدارەكانی پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن و بە بەردەوام دەستدرێژییان دەكەنە سەر، دواجار گرووپێك لە رێكخراوە میدیاییەكان لە عێراق، كۆتاییان بە كارەكە هێناوە و لیستێكی رەشیان ئامادە كردووە.

ئەو كۆمەڵە رێكخراوە كە چەندان رۆژنامەنووس كاری تێدا دەكەن، ئامانجیان وەستاندنی ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژیانەیە بە رێگەیەی ئاشتیانە و یاسایی، ئەمەش وەك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ژینگەی كاری میدیایی لە عێراق نەبێتە ژینگەیەكی مەترسیدار.

روانگەی ئازادی رۆژنامەنووسان كە دیارترین رێكخراوی میدیاییە كار لە بواری بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری دەكات، لە 22تی ئابی رابردوو سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ لیستە رەشەكە.

زیاد عجێلی سەرۆكی روانگەكە دەڵێ، لەناو لیستەكەدا، ناوی كەسایەتی سیاسی، بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمانتاران هەن، دەستدرێژی و پێشێلكارییەكان یان لەلایەن خودی خۆیان ئەنجام دراون، یانیش لەلایەن پاسەوانەكانیان.

زیاد كە قسەی بۆ ماڵپەڕی "مۆنیتۆر" كردووە، پێی وایە ئەو لیستە بەسە بۆ ئەوەی تێ بگەین كە بەرپرسە سیاسییەكان چۆن پێشێلكارییەك بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن.

جگە لەو لیستە رەشە، روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەوڵی بەرزكردنەوەی سكاڵایە لە دادگانی عێراق دژ بەو بەرپرسانی پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن، هاوكات "راپۆرتیش بۆ لیژنەی تایبەتمەند لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەنێرێت، ئەمە جگە لەوەی داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دەكات گوشار لەسەر حكوومەتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكا و بەریتانیا دابنێن بۆ رێگرتن و بانگهێشت نەكردنی ئەو بەرپرسانە بۆ كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان". زیاد عجێلی وای گوت، هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ناوی هەر كەسێك بچێتە ناو لیستەكە ئەوا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لێ ئاگادار دەكەینەوە.
 
ئێستە وردبینی لە ناوی 30 بەرپرس دەكرێت لەلایەن گروپێكی رۆژنامەنووسان و شارەزایانی یاسایی كە تۆمەتبارن بە هەڕەشەی كوشتن لە رۆژنامەنووسان، ئەمە جگە لە هێرشكردنە سەر هەندێك كەناڵ. زیاتر گوتی "شەش گرووپی چەكدار لەناو لیستەكەدا هەن كە پێشێلكاریان بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام داوە".

بە قسەی موئەیەد لامی نەقیبی رۆژنامەنووسانی عێراقی لە دوای 2003  تا ئێستە زیاتر لە 460 رۆژنامەنووس لە عێراق كوژراون، هاوكات رۆژنامەنووسانی بێسنوور پێیان وایە ژینگەی عێراق هێشتا مەترسیدارە بۆ كاری راگەیاندن.


وشە - فه‌رمان سادق