ئەو ناوچانەی مووسڵ كە ئازاد كراونەتەوە

:: PM:04:02:19/01/2017 ‌

سەركردایەتی كردەوەگەلی "قادموون یا نەینەوا" رای گەیاند كە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق توانیان تەواوی ئەركی خۆیان لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە قۆڵی باكوری شارەكە بە كۆتا بێنن و تەواوی ناوچەكە لە داعش ئازاد بكەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم فەریقی رووكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا  لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە رێگەی كردەوەگەلی تایبەتەكانی یەك و سێ توانیان هەموو ناوچەكانی بۆیان دیاری كرابوو لە قۆڵی باكوری مووسڵ ئازادیان بكەنەوە، لە ناوچەكانی شارۆكەی بەرتللە و كۆكجەلی و گوندەكانی تۆبزاوە و تەهراوەی باڵا و مۆفەقییە هەر لە ناوچەكانی بەهاوبەشی لەگەڵ كردەوەگەلی تایبەتی دوو.   

زیاتر گوتی، ئەوان توانیان لە بەری چەپی شاری مووسڵ گەڕەكەكانی زەهرا و تەحریر و عولەما و موعەلمین و موحاربین و قاهیرە و نەهزە و مەسارف و جامیعە و بەرید و فەلاح و رەحمە و قادسییەی یەك و دوو و زهوور و شێخچییە و مروور و 30ی تەمووز و میشراق و موسەنا و ریفاق و سوكەر و بەلەدیات و سدیق و كەفائاتی یەكەم و زانكۆی مووسڵ و ئەندەلووس و شورتە و كۆمەڵگەی سەقافی و موهەندسین و زراعە و ناوچەی ئەسەری و تەل نرگال و كۆشكەكانی سەرۆكایەتی و هوتێل نەینەوا ئوبرۆی و پردەكانی سێیەم و پێنجەم.

روونی كردەوە كە كۆی ئەو گەڕەك و ناوچانەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە ئازاد كراونەتەوە 37 ناوچە و گەڕەكن لەناو شاری مووسڵ تا رووباری خەوسەر لە باشوور و بەو شێوە ئەوان ئەركی سەرەكی خۆیان بۆ ئەو قۆناغەی جەنگەكە كۆتایی پێ هێنا.

شەمووی رابردوو شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رای گەیاند كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە دووەم قۆناغی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، توانییان تەواوی بەشی باشووری بەری چەپی شاری مووسڵ لە چەكدارانی داعش ئازاد بكەنەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی شانەكە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ بە هەموو هێزەكانی كە لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەشدارن لە هێزی كاردانەوەی خێرا و فرقەی پێنج و فرقەی گواستنەوە، بە پاڵپشتی فرقەی نۆی زریپۆشی سوپای عێراق و بە فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان، توانییان تەواوی بەشی باشووری بەری چەپی مووسڵ لە داعش پاك بكەنەوە.

بە پێی بەیاننامەكە، ئەم هێزانە توانییان لە دووەم قۆناغی جەنگی مووسڵدا گەڕەكەكانی یوونس سەبعاوی و یافا و ئینتسار و شەیما و سیححە و یارمجەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و وەحدە و سابرین و سۆمەر و ساهیروون و سەلام و فەلەستین و جەدیدەی موقتی و میساق و دوومیز و نەخۆشخانەی سەلام و كۆمەڵگەی پزیشكی و رێگەی كەركووك- مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان دەستی پێ كرد و تا ئێستەش بەردەوامە، ئەوان توانییان بەشی زۆری گەڕەكەكانی بەری چەپی شارەكە ئازاد بكەنەوە، لە 29ی كانوونی یەكەم دووەم قۆناغی جەنگەكە دوای وەستان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك دەستی پێ كردەوە.

سەرچاوە: جۆرنال نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل