بارزانی لە داڤۆس: پێشبینی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ده‌كات

:: PM:02:05:20/01/2017 ‌

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بەشداری کرد و تیایدا باسی لەوە کرد کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بەڵێنی ئەوەی داوە درێژە بە هاوکارییەکانی پێشمەرگە دژی داعش بدات و پێشبینیش دەکات گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بێتە کایەوە.

سەبارەت بە پرسی تەناهی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کۆتاییهێنان بە داعش و گۆڕانکارییەکانی دوای داعش مەسعود بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، وەزیری دەرەوەی قەتەر و کەسایەتییەکی ئابووری  تاوتوێی بابەتەکەیان کرد.

ئەو باسی لە توانا و قارەمانیەتی پێشمەرگە کرد کە توانی هێلەکانی بەرگری داعش تێکبشکێنێت. مەسعود بارزانی  لە وەڵامی پرسیارێکی بەڕێوەبەری پانێلەکە سەبارەت بە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی و گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا  و کاریگەرییەکانی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، گوتی ئەوەی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بیستوویەتی هاوکاری پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ئیدارەی رابردوو هاریکار بێت بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر .

هاوکات پرسیاری ئەوە لە سەرۆک بارزانی کرا کە چ پێوەندییەکی لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا هەیە و چاوەڕوانی چی لێی دەکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "بەڵێ دەیناسم سەردانی کوردستانیشی کردووە و کەسێکە گرینگی بە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پێشبینی دەکەین گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بێنێتە کایەوە."

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پرسی سووریا ئەوەی خستەڕوو کە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی سووریا لە هەرێمی کوردستان هەن و پێی باشە کێشەکان لەو وڵاتە چارەسەر بکرێن. ئەو گوتی  دەبێت کوردیش بەشێک بێت دانوستانەکان و پشتیوانی لە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.

لە میانەی قسەکانی میوانەکانی تری ئەو پانێکە باس لەوە کرا کە ئاسایشی ئەورووپا  بە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست گرێ دراوە و بۆیەش دەبێت رۆژئاوا کار لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بکات.


وشە - سلێمان تاشان