ترەمپ: ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بیرۆكەیەكی خراپە

:: PM:08:52:09/10/2019 ‌

دوای دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر باكور و رۆژهەڵاتی سووریا، دۆناڵد ترەمپ رای گەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لەو هێرشە سەربازییەی توركیا ناكات و ئەو هەنگاوەشی بە بیرۆكەیەكی خراپ وەسف كرد و بەرپرسیارەتی زیندووكردنەوەی داعشی لەو ناوچانە خستە ئەستۆی توركیا.

ئەمەریكا پاڵپشتی هێرشەكەی توركیا ناكات
ترەمپ لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ لە كۆشكی سپی دەرچوو گوتی، توركیا كە ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆیە، ئەمڕۆ چووەتە ناو خاكی سووریا، روونی كردەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لەو هێرشەی توركیا ناكات و دووپاتی كردەوە كە هێرشەكە بیرۆكەیەكی خراپە.

توركیا بەرپرسە لە زیندووبوونەوەی داعش
زیاتر گوتی، ئێستە توركیا بەرپرسیارەتی مسۆگەری مانەوەی هەموو چەكدارانی داعش وەك دیل لە گرتووخانەكانی ناوچەكە و زیندوو نەبوونەوەی داعش لە ناوچەكە بەهەموو شێوەیەك دەگرێتە ئەستۆ.

ترەمپ: لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین
سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین و توركیا بەڵێنی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و كەمینە ئاینییەكان لەوانە مەسیحییەكانی داوە و لەگەڵ مسۆگەری روونەدانی تەنگژەی مرۆیی و پابەندی ئەو بەڵێنانەی دەكەین.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، دووپاتی وەستاندنی ئۆپراسیۆنەكانی لەدژی رێكخراوی داعش بەهۆی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە كردەوە، وەك سەرچاوە ئەمەریكی و كوردییەكان ئاماژەیان كردووە، هەسەدە ئەو بڕیارەی داوە بەهۆی دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا و سەرقاڵبوونیان بە بەرگریكردن لە ناوچەكانیان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 1481 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌