داوای گردبوونەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان دەكرێت

:: PM:02:01:10/10/2019 ‌
پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەردەبڕن، ڕۆژی شەموو گردبوونەوەی جەماوەری رێكدەخەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، بەبەشداری 14 لایەنی سیاسی باشووری كوردستان لەسەر ئاستی هەولێر كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لەسەر پشتگیریكردن لە ڕۆژئاوای كوردستان. ئەحمەد شێروانی بەرپرسی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە رای گەیاند، بڕیار لەسەر ئەوە درا ڕۆژی شەموو سەرجەم لایەنە و پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بە دروشمی هاوبەش و یەكهەڵوێستی لە بەردەم ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گردبوونەوە دەكەین.

خۆمان به‌برپسیار ده‌زانین به‌رانبه‌ر به‌ دۆخی رۆژئاوای كوردستان
شێروانی گوتی، پێشنیاری ئەوەش كراوە كۆمەك و هاوكاری بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كۆ بكەینەوە، ئەوەی بە ئێمە بكرێت بۆیان دەكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێ خۆمان بە پرسیار دەزانین و نابێت بێدەنگ بین، چونكە ئەوەی ڕوو دەدات بەبەرچاوی وڵاتانی دنیا و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانە، شتێكی نامۆ نییە بۆ دنیا چونكە پارساڵیش توركیا هێرشی كردە سەر عەفرین داگیری كرد، بۆیە پێویستە ئەوانیش بێَََنە دەنگ.

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ هێزی سەربازیی توركیا هێرشی زەوینی و ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد و خەڵكی سڤیل كراونەتە ئامانج و وڵاتانیش داوای راگرتنی ئەو داگیركارییە دەكەن.




وشە - زریان تەها