سەعدی پیرە: یەكێتی هیچ پڕۆژەیەكی نییە

:: PM:09:45:21/01/2017 ‌
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای دەگەیەنێت كە هیچ پرۆژەیەك لە ئارادا نییە بە ناوی پڕۆژەی یەكێتی و هیچ پڕۆژەیەكیش لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئاڵوگۆڕ نەكراوە.

دوای ئەوەی ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كرد و داوایان كرد كە گۆڕانكاری لە شاندی یەكێتیدا بكرێت، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە وەڵامیان دەداتەوە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان ئازادن لەوەی ڕای خۆیان دەرببڕن، لە ناو یەكێتی ڕادەربڕین ڕێگە پێ نەدراو نییە.
 
زیاتر گوتی، هیچ پڕۆژەیەك نییە بە ناوی پڕۆژەی یەكێتی و هیچ پڕۆژەیەكیش لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئاڵوگۆڕ نەكراوە، روونی كردەوە كە یەكێتی هیچ پڕۆژەیەكی نەداوە و ئەو قسانەی كە بڵاو دەكرێنەوە پرۆژە نین و لە كۆبوونەوەدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی قسە كراوە و هەر كەس باسی پڕۆژە بكات ڕاست ناكات.
 
ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی لە بارەی هەبوونی پرۆژەی یەكێتی ئاماژەیان بەوە كردبوو، پێویستە پڕۆژەكە لە ئەنجوومەنی ناوەندی و سەركردایەتی دەنگی لە بارەوە بدرێت، بەڵام سەعدی پیرە ڕەتی كردەوە ئەوان پڕۆژەیان هەبێت، یان پڕۆژەیەك هەبێت بە ناوی پڕۆژەی یەكێتی.
 
"وشە" چەندین جار پێوەندی كرد بەو ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتی كە یاداشتەكەیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی كردبوو، وەڵامی پێوەندیەكەیان وەڵام نەدایەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل