دەستەی مافی مرۆڤ چاوەڕوانی روونکردنەوەی دەزگا تەناهییەکانە

:: AM:10:32:17/10/2019 ‌

دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی روونكردنەوەی دەزگا تەناهییەكان دەكات تا دۆسیەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە یەكلا بكاتەوە و دەربكەوێت ئایا لەسەر پیشەكەیەتی یان كۆمەڵایەتییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی یەكەم، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لەسەر كەیسی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی دوێنێ شەو كوژران یان خۆیان كوشتووە،  بۆ "وشە" رای گەیاند، دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان باوەڕی تەواوی بە دەزگا تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە ئێمە لەسەر  ئەو كەیسە چاوەڕێی ئەنجامیی لێكوڵینەوەین.

تا ئه‌نجامه‌كان را نه‌گه‌یه‌نرابێت زۆر گوتن له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ باش نییه‌

گوتەبێژی دەستە ئەوەیشی خستەروو، پێویستە تا ئەو كاتەی ئەنجام دەرنەكەوتبێت، شیكردنەوەی و زۆرگوتن لە بارەی كەیسەكە باش نییە تا ئەو كاتەی ئەنجامەكان روون دەبێتەوە. 

گۆمەشینی زیاتر روونی دەكاتەوە، كەیسی ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی كوردستان پێوەندیی بە دەستەی مافی مرۆڤەوە هەیە ئەگەر  كەیسی ئامانج لەسەر پیشەكەی بێت، ئەوا ئێمە لێ بەرپرسین، بەڵام ئەگەر كێشەكە كۆمەڵایەتی بێت، ئەوا دادگا و یاساییە.

دوێنێ شەو لە سلێمانی هەواڵی كوشتن و تیرۆكردنی دوو رۆژنامەنووس و منداڵێك بڵاو كرایەوە، ئەوانیش ئامانج بابانی كە پێشكەشكاری كەناڵی ئین ئارتی بوو و لانەی هاوژینی كە پێشكەشكاری كەناڵی كوردسات بوو.



وشە - زریان تەها