پارتی و یه‌كێتی به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر ده‌كه‌ن

:: PM:03:01:22/01/2017 ‌
پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ و به‌پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

رۆژی 11ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ی دوای په‌یامه‌كه‌ی رۆژی 20 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر كه‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی ڕای گشتیی كوردستانی كردبوو و تێیدا داوای كرد، حزبه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆ و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرن، دواتر پێویسته‌ حزبه‌كان رێك بكه‌ون حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنن و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن و منیش به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌م.

رزگار عه‌لى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، پرسى سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ گفتوگۆدایه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ بڕیارى كۆتاى لێ نه‌دراوه‌.

زیاتر گوتى، پڕۆژه‌ى هاوبه‌شى نێوان یه‌كێتى و پارتى وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو كه‌ بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام بدرێت و دواتر ورده‌كارییه‌كه‌ى ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.

له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى نێوان یه‌كێتى و پارتى، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان گوتى، له‌ ئێسته‌دا چاوه‌ڕوانى پارتى ده‌كه‌ین، ره‌نگه‌ ئه‌وان كۆبوونه‌وه‌ى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و دوابه‌دواى ئه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هاوكات نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رۆژى پێنجشه‌م له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا راى گه‌یاند، پارتى به‌لایه‌وه‌ ئاسایییه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌هاوبه‌شى سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكات.

پێشتر پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى هه‌رێمى كوردستان، گه‌ڕێكى سه‌ردانیكردنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى ده‌ست پێ كرد و دواتر كۆبوونه‌وه‌كان له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى به‌ڕێوه‌ چوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم