پەكەكە: نامانه‌وێ شنگال سەر بە هەرێم بێت

:: AM:08:55:21/10/2019 ‌
پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە ڕێی هاوپەیمانییەكەوە كە لە شنگال دروستی كردووە، بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكات و بەو هۆیەشەوە دەیەوێ شنگال بە تەواوی لە كوردستان داببڕێت. بەپێی زانیارییەكان "بەڵێنی بە حكوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی داوە شنگال بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی تەواویی حكوومەتی عێراق".

سەرەتای ئەم مانگە هاوپەیمانێتییەك لە نێوان چەند لایەنێك ڕاگەیەنراوە لە شنگال و سەرۆك و دوو یاریدەدەر و گوتەبێژی فەرمی دەستنیشان كراون. 

هاوپەیمانییە نوێیەكە لە سێ پارتی سیاسی پێك هاتوون كە بریتین لە "پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی، پارتی ئێزیدی دیموكراتی بە سەرۆكایەتیی حەیدەر شەشۆ و بزووتنەوەی ئێزیدی لەپێناو چاكسازی و پێشكەوتن". هەرسێكیان نزیكن لە پەكەكە و بە دنەدانی ئەوان لە یەك هاوپەیمانیدا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن.

ساڵح مستەفا كەسایەتی دیاری ئێزیدییەكان و كادری پەكەكە لە شنگال بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری ئەو هاوپەیمانێتییە لەپێناو خەڵكی غەدرلێكراو و پەراوێزخراوی شنگال و ئێزیدییەكانە، چونكە دەمانەوێ نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێرین و ببین بە نوێنەری گەلی ئێزیدی كە غەدری مێژووییان لێ كراوە و لێشیان دەكرێت.

زیاتر گوتی، "ئێمە دوو بەرنامە و بۆچوونمان هەیە كە پێش هەڵبژاردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق باسمان كردوون و دواتر كاری بۆ دەكەین، یەكەم ئەوەیە شنگال بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق و چیتر سەربە حكوومەتی هەرێم نەبێت، دووەمیش شنگال بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ و سەربە هیچ حكوومەتێكی هەرێم و ناوەند نەبێت و لەلایەن ئێزیدییەكانەوە بەڕێوە ببرێت."

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رایان گەیاندووە كە بەهۆی بوونی پەكەكە لە شنگال، ناتوانن خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن، هەر بەو هۆیەشەوە تا ئێستە 80%ی دانیشتووانەكەی لە دهۆك بە ئاوارەیی دەژین و ناوێرن بچنەوە زێدی خۆیان.

بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، پەكەكە دەیەوێ لە ڕێی حزبە سێبەرەكانیەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكات.

شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا كەوتە بەردەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و لە ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئازاد كرایەوە، بەڵام دواتر بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پەكەكە و حەشدی شەعبی بارودۆخی شارەكەیان ئاڵۆز كرد و بەهۆی پەكەكەوە چەند جارێك نزیك بوو لەوەی توركیا هێرشی بكاتە سەر و هێشتایش ئەو مەترسییە ماوە.

قادر قاچاخ بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات كە هاتنی پەكەكە هەر لە سەرەتاوە بۆ شنگال بە ئامانجی دابڕانی ئێزیدی و شنگال بووە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستە ئەوەی ویستوویەتی بۆی نەچووەتە سەر.

پەكەكە هێز و هاوپەیمانێتی لە شنگال بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دروست كردووە
ئێزیدییەكان بەپێی ئامارەكانی هەرێم ٨٥%یان لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن و بەپێی هەمواری نوێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا سندووقی دەنگدان لە كەمپەكان دانانرێت، بەڵكو هەر كەس دەبێ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەنگ بدات، پەكەكە دەیەوێ ئەو هەلە بقۆزێتەوە.

بەرپرسەكەی پارتی بە"وشە"ـی گوت، "بەشی زۆری ئاوارەكان لەبەر ئەو دۆخەی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال دروستیان كردووە، ناگەڕێنەوە و دەیانەوێ ئیدارە ڕاستەقینەكەی شنگال بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی شارۆكەكەیان ئینجا بگەڕێنەوە."

"ئەو مادەیەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە سوودی پەكەكە و هێزە ناشەرعییەكاندایە، بۆیە سكاڵا لە بەغدا تۆمار كراوە تا ئەو هێزانە سوود لەو یاسایە وەرنەگرن و دواتر ئەو ناوچانە تووشی كارەسات بكەن". بەرپرسی لقی شنگالی پارتی وای گوت.

پەكەكە هەوڵەكانی بۆ دابڕینی شنگال و ئێزیدییەكان تەنیا لەو هەڵبژاردنەدا نییە، بەڵكو لەگەڵ مردنی میری ئێزیدیان و هەڵبژاردنی كوڕەكەی وەك میری نوێ، پەكەكە ڕاستەوخۆ میرێكی تری لە بەرانبەریدا زیندوو كردووە و ئێزیدییەكانی لێك دابڕین، ئێستەیش لە هەوڵدایە میری سێیەمیش بەهەمانشێوە بۆ ئێزیدییەكان دروست بكات.

دێرسیم جانۆ فەرماندەی پەكەكە لە شنگال بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە دەمانەوێ شنگال و دانیشتووانە ئێزیدییەكەی بپارێزین، بۆیە ئەركەكەمان سەربازییە و دروستكردنی لیست و بەشداریی هەڵبژاردن، پێوەندیی بە ئێمەوە نییە و ئێزیدییەكان خۆیان ئازادن لەوبارەیەوە چ بڕیارێك دەدەن.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - وشه‌