خاڵەكانی رێككەوتنی توركیا و رووسیا

:: PM:10:18:22/10/2019 ‌

دوای ئەوەی هەردوو سەرۆكی رووسیا و توركیا رایان گەیاند كە گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ لەبارەی دۆخی سووریاوە، وەزیری بەرگری سووریا داوا لە ئەمەریكا دەكات پابەندییەكانی لە سووریا جێبەجێ بكات. 

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاهاتنی ئاگربەستی نێوان توركیا و هەسەدە لە سووریا لەسەر بنەمای رێككەوتنی ئەمەریكا و توركیا لە 17ی ئەم مانگە كە 120 سەعاتی بۆ ئاگربەست دیاری كردبوو تا تەواوی هێزەكانی هەسەدە لەو ناوچەیە پاشەكشە دەكەن، ئەمڕۆ ئێوارە لە سووچی لە رووسیا ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركییەكەی كۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێك لەبارەی سووریا رێككەوتن.

هەردوو سەرۆك رایان گەیاند كە لەبارەی دابەشكردنی دەسەڵات لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا رێككەوتوون و پێویستە شەڕوانانی كورد بەتەواوەتی لە سنوورەكانی سووریا و توركیا دووربكەونەوە و توركیاش بۆی هەیە كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە بەهۆیەوە هێرشەكەی 9ی مانگی دەست پێ كرد، ئەردۆغان رای گەیاند كە گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی مێژوویی لەگەڵ پووتین لەبارەی سووریاوە.

ئەردۆغان روونی كردەوە، هێزەكانی توركیا و رووسیا دەست بە سوڕانەوەی هاوبەش دەكەن تا قووڵایی 10 كیلۆمەتر لەناو خاكی سووریا، بۆیە گەیشتووین بە رێككەوتنێكی مێژوویی بۆ نەهێشتنی تیرۆر و پاراستنی یەكپارچەیی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ خاكی ئەو وڵاتە بە هاوكاری رووسیا. 

دووپاتی كردەوە كە توركیا و رووسیا رێككەوتوون بە پاشەكشەكردنی یەكینەكان پاراستنی گەل تا قووڵایی 30 كیلۆمەتر و جێهێشتنی هەردوو ناوچەی تەل رەفعەت و منبەج.

ڤلادیمێر پووتین، روونی كردەوە كە لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە چارەسەری یەكلاكرەوە لەبارەی سووریا و دووپاتی كردەوە كە نابێت تیرۆریستان سوود لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی توركیا لە باكوری سووریا وەربگرن و دەشبێت گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی توركیا و كورد دەست پێ بكات، ئاماژەی كرد كە ئەردۆغان وردەكاری ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ باس كردووە و گەیشتوونەتە چارەسەری یەكلاكرەوە. 

لای خۆیەوە سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا رای گەیاند كە مەبەستی سەرەكی گفتوگۆكانی پووتین و ئەردۆغان وەستاندنی جەنگ بووە لە سووریا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دووپاتی كردەوە كە گرنگترین شت ئەمڕۆ گەیشتنە بە چارەسەرێك بۆ تەنگژەكە و گەیشتنە بەئاگربەست و رێگرتنە لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا چەند سەعاتێكی لەپێشە بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەكانی لە سووریا و ئاماژەی بۆ هەڵاتنی 500 كەس لە گیراوانی داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كرد.

دەقی خاڵەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی رووسیا و توركیا كە هەردوو سەرۆكی دوو وڵاتەكە ئەكڕۆ سێشەم 22س ئۆكتۆبەر لە سووچی پێی گەیشتن هەروەها ئەوانە دەگرێتەوە: 

*هەردوولا پابەندن بە پاراستنی یەكێتی خاكی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.

*ئەوان سوورن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە هەموو جۆرەكانییەوە و پەكخستنی هەر پڕۆگرامێكی جیاخوازی لەسەر خاكی سووریا.

*دۆخی ناوچەی ئۆپراسیۆنی توركیا بەو شێوەی ئێستە دەمێنێتەوە كە گرێ سپی و سەرێ كانی دەگرێتەوە تا قووڵایی 32 كیلۆمەتر.

*هەردوولا دووپات لە گرنگی رێككەوتنی ئەدەنە دەكەنەوە و رووسیا كار بۆ ئاسانكردنی جێبەجێكردنی دەكات.

لە 150 سەعات هەسەدە تا قووڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر دەكشێتەوە
*لە سەعات 12:00ی نیوەڕۆی سبەی 23ی ئۆكتۆبەر پۆلیسی سەربازی رووسیا و پاسەوانانی سنووری سووریا دەچنە سەر سنوورەكانی توركیا لە دەرەوەی ناوچەكانی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بۆ ئاسانكردنی گواستنەوەی شەڕوانانی هەسەدە و چەكەكانیان تا قووڵایی 30 كیلۆمەتر لەناو خاكی سووریا و دەبێت ئەو پرۆسەیە تا 150 سەعات تەواو بێت و لەئێستەشەوە هێزی گەڕۆكی هاوبەشی رووسیا و توركیا تا قووڵایی 10 كیلۆمەتر لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆپراسیۆنەكە جیا لە شاری قامیشلۆ دەسوڕێنەوە. 

*هەموو شەڕوانانی هەسەدە لە تەل رەفعەت و منبەج دووردەخرێنەوە.

*هەردوولا رێوشوێن وەردەگرن بۆ رێگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان.

*هەردوولا هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان خۆویستانە دەدەن.

*میكانیزمێكی هاوبەش بۆ چاودێریكردن و سەرپەرشتیكردنی ئەو یاداشتە لێكگەیشتنە دەدۆزنەوە.

*هەردوولا كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی بەردەوامی سیاسی بۆ ململانێی سووریا لە چوارچێوەی میكانیزمەكانی ئەستانە دەكەن و پاڵپشتی لە لیژنەی دەستووری دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل