دەزگەی گشتیی كاروباری مین: توانای پاككردنەوەی زەوییە مینڕێژكراوەكانمان نییە

:: PM:05:24:23/01/2017 ‌

دەزگەی گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، بێ‌ توانایی خۆی راگەیاند لە پاككردنەوەی ئەوە زەوییانەی لە هەرێمی كوردستان بە مین و تەقەمەنی پیس كراون. ئاشكرای كرد، لە ئێستەدا 240 ملیۆن مەتر سێجا زەوی هەیە كە پێویستە پاك بكرێنەوە لە مین و پاشمانەوەكانی جەنگ.

محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگەی گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم 23ی كانوونی دووەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئێستەدا 240 ملیۆن مەتر سێجا زەوی هەیە كە پێویستە پاك بكرێنەوە لە مین و پاشمانەوەكانی جەنگ.

زیاتر گوتی، بەو توانایەی كە لە بەردەستی دەزگەی گشتیی كاروباری میندایە، پاككردنەوەی ئەو زەوییانە كارێكی ئاسان نییە، جیا لەوەی تا ئێستە لەلایەن تیمەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە زیاتر لە پێنج هەزار مینی داعش پووچەڵ كراوەتەوە.

محەمەد ئەحمەد دەڵێ‌، نەیانتوانیوە هەموو ئەو ناوچانە پاك بكەنەوە كە چەكدارانی تیرۆرستی داعشی لێ بووە، چونكە ئەوە پێویستی بە بودجەیەكی باش هەیە.

ئەو گوتانەی سەرۆكی دەزگەی گشتی كاروباری مین لەكاتێكدایە كە ئەمساڵ لەكاتی سەردانی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان، چەند وڵاتێك بەڵێنی پاككردنەوەی زەوییە پیسبووەكان بە تەقەمەنییان دا و لە دوایین گرێبەستیشدا دەزگەی گشتیی كاروباری مین، گرێبەستێكی لە بواری پاككردنەوەی زەوییەكان لەگەڵ ژاپۆن واژوو كرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم