هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ..كۆتایی خەلافەت لە عێراق

:: AM:10:58:17/10/2016 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم، 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد. بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، لە میحوەری خازر هێرش بۆ سەر تیرۆریستان دەستی پێ كرد و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش لە ئاسمانەوە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.

لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، پۆلیسی عێراق، عەشایرە چەكدارەكان و هێزەكانی دژەتیرۆر بەشدار دەبن. بڕیارە هێرشكردنە سەر مووسڵ لە پێنج میحوەرەوە بێ، لە گەیارە و گوێڕ و خازر و بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی بكەن.

ئەو ئۆپەراسیۆنە كۆی پارێزگای مووسڵ و بەشێك لە پارێزگای كەركووك و سەڵاحەدین لەخۆ دەگرێت. رزگاركردنی ناوەندی شاری مووسڵ و حەویجە "باشووری رۆژئاوای كەركووك" و رۆژهەڵاتی شەرگات و باكوری رۆژئاوای دیالە، ئامانجی سەرەكی هێزە چەكدارەكانن. هاوكات شارەدێكانی تەلەعفەر، تلكێف، حەمدانییە، بەعاج و حەزەر دەكرێنە ئامانج.



پارێزگای مووسڵ دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و توركیا، بەپێی ئاماری حكوومەتی ناوەندی عێراق لە 2013 دانیشتووانی پارێزگای مووسڵ سێ ملیۆن و 500 هەزار كەسە و دانیشتووانی سەنتەری شاری مووسڵ یەك ملیۆن و 800 هەزار كەسە كە تا ئێستە نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتی لەو پارێزگایە ئاوارە بوونە.

مووسڵ پارێزگایەكی فرە نەتەوە و ئاینە كە پێك هاتووە لە كورد، عەرەبی سونە، توركمان و كەمینە ئاینییەكانیش بریتین لە مەسیحی، شەبەك، مەندایی و كوردانی ئێزیدی. لە دوای پرۆسەی بە عەرەب كردن لەلایەن رژێمی رووخاوی بەعسەوە كورد كە یەك لە نەتەوە سەرەكییەكانی پارێزگای مووسڵ بوو، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە بەرامبەر عەرەبی سونە بوو بە كەمینە و هاوسەنگی دانیشتووانی لە بەرامبەر ئەوانی تردا لەو پارێزگایە تێك چوو.

شارە گرینگەكانی پارێزگەی مووسڵ بریتین لە ناوەندی مووسڵ، شنگال، شێخان، تەلەعفەر، تلكێف، گەیارە، حەزەر، حەمدانیە، زومار و بەعاج. عەشیرەتە عەرەبەكانی پارێزگای مووسڵ سەرجەمیان سونەن كە پێك هاتوون لە "شەمەر، جبوور، دلێم، تەی، بەقارە".



میژووی بنیاتنانی مووسڵ دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر و تیایدا بینا و شوێنەواری پێوەست بە سەردەمی ئاشوورییەكان، ئەشكانییەكان، ساسانییەكان، سەفەوی و عوسمانییەكان بەرچاو دەكەوێت.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

دوای مانەوەی مووسڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و زیاتر لە چوار لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە رۆژهەڵاتی مووسڵ و لە میحوەری خازر بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان پێشڕەوی بەرەو مووسڵ دەستی پێ كرد.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا  بە ئاگەداری ئەمەریكا و هاوپەیمانان، دوای ڕزگاركردنی شارەكە ئەنجوومەنێكی سیاسی پێك دەهێنرێ بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی پارێزگاكە.



پێشتر چەندان ئەگەر و نەخشە بۆ دوای مووسڵ لە میدیاكانی جیهان بڵاوكرانەوە، گرنگترینیان، دابەشكردنی پارێزگاكەیە بۆ پارێزگای شەنگال و دەشتی نەینەوا و مووسڵ، دواتر لە پارێزگای شەنگال و دەشتی نەینەوا كە ئێزدی و مەسیحییەكان زۆرینەی دانیشتووانی پێك دەهێنن، راپرسی ئەنجام بدرێ، خەڵكی هەردوو پارێزگاكە بڕیار بدەن كە دەیانەوێ سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، لەلایەكی ترەوە سونەكانی مووسڵ چەندان جار داوایان كردووە مووسڵ بكرێتە هەرێمێكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، بەڵام هێشتا داهاتووی شارەكە ڕوون نییە، پێشتریش رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، كە مەترسی هەیە دوای نەمانی داعش لە عێراق شەڕ لە نێوان سونە و شیعە، كورد و سونە، شیعە و كورد و چەندان شەڕی تر وەك ئەگەرێك بە كراوەیی دەمێننەوە.

سەرچاوە: ویكیپیدیا، بی بی سی.




وشە - هیدایه‌ت جان