مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری دا و دووپاتی كرده‌وه، كه حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به وردی چاودێری دۆخی عێراق ده‌كات و سزا به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرس و كه‌سانه‌یش ده‌سه‌پێنێت، كه سامانی خه‌ڵكی عێراق ده‌دزن.
پۆمپیۆ له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دووپاتی كرده‌وه، هه‌موو تواناكانمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی سزای توند به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرس و سیاسی و كه‌سایه‌تییانه بسه‌پێنین كه سامانی عێراقییه‌كان ده‌دزن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و بواری تر جیا له خزمه‌تی گه‌لی عێراق به‌كاری ده‌هێنن.
له‌گه‌ڵ گه‌لی عێراقین و هه‌موو توانا‌مان بۆ پشتیوانیان ده‌خه‌ینه ڕوو
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدایه ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌م ستیڤن منوتشین وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ناوی پێنج قه‌واره و چوار كه‌سایه‌تی سه‌پاند، به تۆمه‌تی پشتیوانی دارایی و لۆجستیان بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، كه سێ قه‌واره و یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كان له توركیان و قه‌واره و كه‌سایه‌تییه‌كیش له ئه‌فغانستان و كه‌سایه‌تیییه‌كیش له كوێت و یه‌كێكی تریش له سووریا‌ن.
پۆمپیۆ له قسه‌كانی دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه نابێ حكوومه‌ته‌كان به چه‌ك و زه‌بر و زه‌نگ ڕووبه‌ڕووی خۆپێشاندانه‌كان ببنه‌وه و نیگه‌رانیشی خۆیشی له‌باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كوژراوانی خۆپێشاندانه‌كانی ئێران ڕاگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه، كه پیویسته ڕژێمی ئێران ده‌ست له ڕه‌شبگیری و گرتن و كوشتن به‌ربدات و ڕێز له مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت.