سه‌عد حه‌دیسى گوته‌بێژى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق راى گه‌یاند عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران به‌م نزیكانه ده‌چێته په‌رله‌مان و دووپاتیشى كرده‌وه، سه‌رۆك وه‌زیران چه‌ند كاندیدێكى بۆ گۆڕینى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستنیشان كردووه.
سه‌عد حه‌دیسى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه ئه‌مڕۆ سێشه‌م 19ى تشرینى دووه‌م له ماڵپه‌ڕى
به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاشكراى كردووه، به‌م نزیكانه عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌چێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى حكوومه‌ته‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات.
عادل عه‌بدولمه‌هدى چه‌ندان كاندیدى بۆ گۆڕینى وه‌زاره‌ته‌كان ئاماده كردووه
حه‌دیسى باس له‌وه‌یش ده‌كات، عادل عه‌بدولمه‌هدى چه‌ندان كاندیدى بۆ وه‌زاره‌تە خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئابوورییه‌كان ده‌ستنیشان كردووه، بۆئه‌وه‌ى بتوانێ به‌و گۆڕانكارییانه‌ى هه‌ندێك داواى خۆپێشانده‌ران جێبه‌جێ بكات.
پێشتر هه‌وڵ درا عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بانگهێشتى په‌رله‌مان بكرێت و ته‌نانه‌ت به فه‌رمى داواكه‌ى ئاراسته كرا، به‌ڵام ئه‌و ئاماده نه‌بوو، دواتر چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى ئاشكرایان كرد له ناو په‌رله‌مانى پلانى ئه‌وه هه‌بوو وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه له عه‌بدولمه‌هدى بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
له‌سه‌ره‌تاى مانگى رابردووه‌وه له عێراق خۆپێشاندان ده‌ستى پێ كردووه و خۆپێشانده‌ران له دژى گه‌نده‌ڵى و خراپى بارودۆخى ئابوورى راپه‌ڕیون و داواى گۆڕینى رژێمى سیاسى ده‌كه‌ن.