عه‌لی‌ سیستانی و شیعەكان سەرۆك وەزیران یەكلای دەكەنەوە

:: PM:04:08:30/11/2019 ‌


سیستمی سیاسیی عێراق لە دوای نووسینەوەی دەستوور سیستمێكی پەرلەمانییە، بەو پێیەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران گەورەترین دەسەڵاتی سیاسین و جێبەجێكردنە لە عێراق، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ  پێچەوانەی سیستمەكەیە و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەیە لە عێراق و ئەو حوكمی وڵات دەكات، بەڵام ئێستە دوایی دوو مانگ لە خۆپێشاندان مەرجەعی باڵا دوای ئەوە ی بێهوایی خۆی لە  حكوومەتی كە خۆی متمانەی پێدا بوو، دوێنێی راگەیاند پێویستە كە حكوومەت دەست لەكار بكێشێتەوە.

عادل عبدولمەهدی دوێنێ رای گەیاند، رۆژی یەكشەم نامەی دەست لەكاركێشێنەوەی خۆم پێشكەشی پەرلەمان  دەكەم، لە نامەكەیدا نووسیبووی دوای گوێگرتنم لە گوتارەكەی مەرجەعمان ئەو بڕیارەم دا، عادل عبدولمەهدی ئەوەیش نووسیوە من توانای كاركردنم نییە لەگەڵ دز، بۆیە دەست لەكار دەكێشمەوە.

سیناریۆكانی دوای عادل عبدولمەهدی 

 
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند، پێویستە پێنج كەس بەربژێر بكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و رای گشتی كەسێك هەڵبژێرێت. دەبێت ئەو كەسە دیاریكراو و دوور لە مەزەو و كەسی حزبی بێت، بەڵكو دەبێ كەسی نیشتمانی بێت.

پێنج  كەس زۆر ناویان هاتووە كە هەریەك لە عەلی عەلاوی وەزیری بازرگانی و بەرگری بووە و هەروەها  وەزیری دارایی بووە لە حكوومەتی كاتی لە ساڵی 2005 و پۆستی سیاسیی نییە، بەپێی هەندێك زانیاری پشتیوانی نێودەڵەوتی هەیە. فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراقه‌.

دەبێت فەرمانەكانی مەرجەع جێبەجێ بكات

هه‌روه‌ها عزه‌ت شابه‌نده‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌ له‌ خوولی پێشوو، مه‌حمه‌د السودانی ئه‌ندامی ئیتلافی ده‌وله‌تی یاسایه‌، هه‌روه‌ها عبد حوسێن عه‌بتان، له‌گه‌ڵ عه‌دنان زه‌رفی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی نه‌سر.

كێ ئەوانە كاندید دەكات؟

به‌شێك له‌وانه‌ی ناویان بڵاوكرایه‌وه‌  روونكردنەوەیان دا و  ئەو بابەتەیان رەت كردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی  "وشە" لایەنە شیعییەكان لە نێوان خۆیان ڕێككەوتوون كە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران.

سائیروون و فەتح دەتوانن ئەمجارە كەسێكی شایستەتر بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن

 بۆ پشتڕاستنەوەی زانیارییەكانی "وشە"  ئەبو هاشم هاجەر فەرماندە لە حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆ "وشە" گوتی، سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە نێوان خۆیان ڕێككەوتوون كە عزەت شابەندەر بكرێت بەسەرۆك وەزیران و ئەو باشترین كاندیدە و لە ڕەوتی سەدریش نزیكە، سەدر لە پەرلەمان زۆرینەیە و لە مەرجەعییەتیش كاریگەرترە.

مەرجەع چی دەڵێت لەسەر ناوەكان؟

هەر حكوومەتێك پێكبهێنرێت لە عێراق بە فلتەری  عەلی سیستانی دەبێت بڕوات و ئەو لەسەری ڕازی بێت. حوسێن كەربەلایی بریكاری ئاینی باڵای مەرجەعییەت لە نەجەف و كەربەلا بە "وشە" راگەیاند، ئەوەی لە میدیاكان باس كراوە راست نییە، چونكە بڕیار لە عێراق لای علی سیستانییە و هەر ئەو بڕیاری لێ دەدات ئەو كەسەی ئەو دیاری دەكات دەبێت فەرمانەكانی مەرجەع جێبەجێ بكات.

سەرد و عامڕی دەتوانن كەسێك لە نێوان خۆیان دیاری بكەن؟

عادل عەبدولمەهدی ئەو فەرمانبەرەی خۆیان دانا و هەرخۆشیان لە پشت دەست لەكاركێشانەوەی بوون، چونكە نەیانتوانی لە دوای هەڵبژاردن زۆرترین كورسی كۆ بكەنەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

سەلام زوبێد سەرۆكی دەزگەی مەسای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگەیاندن و شرۆڤەكاری سیاسیی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆك وەزیران بە درەنگەوە دەستی لەكار كێشایەوە و دەبوو زووتر ئەوەی بكردایە، چونكە ئەو كەسی لە پشت نەبوو، بۆیە پێمان وایە سائیروون و فەتح دەتوانن ئەمجارە كەسێكی شایستەتر بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن.

دەستووری عێراق چی دەڵێت؟ 

لە دەستووری عێراق هیچ مادەیەك ئاماژەی بە دەست لەكاركێشانەوەەی سەرۆك وەزیران نەكردووە، بەڵكو لە مادەی 81ی دەستوور هاتووە ئەگەر پۆستی سەرۆك وەزیران بە تاڵ بوو لەبەر هۆیەك، ئەوا سەرۆك كۆمار دەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت و كەسێك دیار بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە لە 15 ڕۆژ كەمتر نەبێت وەك لە مادەی 76ی دەستوور هاتووە. بەبۆچوونی چاودێران ئەستەمە ئەمجارە بەئاسانی لەو ماوەیەی لە دەستوور هاتووە دیاری بكرێت بۆ سەرۆك وەزیران.



وشە - زریان تەها