به‌ نه‌خشه‌.. هێرشی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر داعش چۆن ده‌بێ‌؟

:: PM:12:05:17/10/2016 ‌

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێش ئه‌وه‌ی خۆر هه‌ڵ بێت، له‌ باكور، ڕۆژهه‌ڵات و باشووری مووسڵه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر تیرۆریستانی داعش و تا ئێسته‌ش پێشڕه‌وییه‌كان به‌رده‌وامه‌.

هێرشی ئه‌مڕۆ دووشه‌م ده‌ستپێكی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵه‌، له‌ میحوه‌ره‌كانی باكور و خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ پێشڕه‌وی ده‌كات و له‌ میحوه‌ری باشوور له‌ گه‌یاره‌، سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ناو سوپای هێراق كوردیشیان تێدایه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا ڕای گەیاندوه‌، ڕاهێنانیان به‌ 54 هه‌زار سه‌ربازی عێراقی و پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ تا به‌شداری له‌ كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵدا بكه‌ن.

لە میحوەری گەیارە، بە پشتیوانیی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و فڕەنسا، هێزە عێراقییەكان پێشڕەوی دەكەن، لە میحوەرەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵیش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و تا ئێستە بەبێ زیانی گیانی، چەندان گوندیان لە دەست داعش سەندووەتەوە.

فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا ڕای گەیاند كە شەڕی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ لە مەیداندا تەنیا هێزە عێراقییەكان دەبێت و هێزە هاوپەیمانەكانیش سەرپەرشتی دەكەن و لە ئاسمانەوە مووشەكبارانی داعش دەكەن، ئەوەشی خستە ڕوو كە شەڕەكە ئاسان نییە و درێژە دەكێشێ، لەوانەیە چەند هەفتەیەك یان زیاتریش بخایەنێ.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە پێنج میحوەرەوە دەبێ: گەیارە، گوێڕ، خازر، بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی دەكەن.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.




وشە - كوردۆ شابان