خانەقین: تا پێشمەرگە بەتەواوەتی نەگەڕێتەوە ئاسایش لە سنوورەكە سەقامگیر نابێت

:: PM:05:03:08/12/2019 ‌

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری خانەقین ئاماژە دەكات كە هاتنی لیوای 16ی هێزی پێشمەرگە بۆ سنووری كوڵەجۆ بەتەنیا ئاسایش بۆ خانەقین ناگەڕێنێتەوە، ئەوە ئەگەر گەڕانەوەكە بۆ هەموو سنووری خانەقین و قەرەتەپە و جەلەولال و جەبارە و ناوچەكانی تریش نەبێت.
هێزە عێراقییەكان توانای پاراساتنی ناوچەكەیان نییە و رێگەش بە پێشمەرگە نادەن
عامر رەفعەت، بەرپرسی لیژنەی برایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بۆ "وشە" گوتی، راستە لیوای 16ی هێزی پێشمەرگە هاتووە بۆ سنووری كوڵەجۆ بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بەڵام تەنیا بەهاتنی ئەو لیوایە تەناهی بۆ خانەقین ناگەڕێتەوە، چونكە لەوبەری سیروان بەرەو زنجیرە چیایی مرواری و دكە و ئاوایی شێرك دەڕوات بۆ حەلوان و جەلەولا هێزی لێ نییە و هێزی عێراقی و حەشدی شەعبیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە و رێگەش نادەن هێزی پێشمەرگە بچێتە پێشمەوە و شەوانە داعش هێزە عێراقییەكان دەكاتە ئامانج و بەئارەزووی خۆیان لەو ناوچانە داعش هاتوچۆ دەكەن. 

زیاتر گوتی، ئەو لیوایە هاتووە بۆ سنووری كوڵەجۆ كە ناتوانی لە ئاوی سیروان زیاتر بڕوات و پانتاییەكی زۆر نییە و ناوچەكانی تر هیچ هێزێكی لێ نییە و بۆشاییەكی گەورەی تەناهی هەیە، بۆیە پێوستە هێزی پیشمەرگە بۆ قەرەتەپە و جەبارە و جەلەولا بگەڕێتەوە، هێزە عێراقییەكانیش نەك ناوچەكە ناپارێزن، بەڵكو رەبایەكانی خۆشیان چۆڵ كردووە، بۆیە تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئاسایش لە خانەقین سەقامگیر نابێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی روونی كردەوە، ئەو هێزانەی هاتوون بۆ ناوچەكە شارەزاییان لە ناوچەكە نییە و خەڵكیش هاوكاریان ناكات، بۆیە جموجۆڵی داعش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و جارێكی تر چالاكییەكانی سەری هەڵداوەتەوە .

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل