بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بكوژی خێزانە كوردەكەی ڕۆژئاوا دەرچوو

:: PM:02:29:11/12/2019 ‌
دادگای تاوانی هەولێر سزای لە سێدارەدانی بۆ بكوژی تاوانبارێك دەرکرد كە خێزانێكی پێنج كەسی لە شارەدێی پیرڕەش كوشت.

چوار سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی كانوونی یەكەم، برزۆ سەعید پارێزەری خێزانە كوژراوەكە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ بكوژی خێزانەكەی ڕۆئاوای كوردستان لە دادگای تاوانی هەولێر چوار سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.

ئاسایشی هەولێر پێشتر ئاشكرای كردبوو لە ڕێكەوتی سێی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە نزیك گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر، تەرمی ژن و پیاوێك و سێ منداڵ لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دۆزرانەوە، سەرجەمیان بە فیشەك كوژرابوون.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، دوای لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەی تاوان لەلایەن تیمە تایبەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، توانرا كەسی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێ و دواتر لە ماوەیەكی كورتدا هێزەكانمان توانیان تاوانبارەكە بگرن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونی كردووەتەوە، كە تاوانبار لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ددانی بە تاوانەكەی ناوە و ناوی "ف.ك. ر"ە، ئێوارەی دووی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هەستاوە بە كوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانێكی پێنج كەسی، كە لە بنەڕەتدا ئەو خێزانە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و لە گوندی پیرڕەش نیشتەجێ بوون.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە كە تاوانبار سەرەتا پیاوی خێزانەكە "بەسام حوسێن ڕەسووڵ"ی كوشتووە و دواتر خێزانەكەی بە ناوی "سوالین محەمەد نەزیر، پاشان منداڵەكانی بە ناوی حوسێن 11 ساڵ و روشكا حەوت ساڵ و محەمەدی پێنج ساڵی كوشتووە، لێكۆڵینەوەكەیش لە ڕووداوەكە بەردەوامی دەبێ تا بە تەواوی هەموو وردەكارییەكانی ئاشكرا دەكرێن.





وشە - رامیار جەواد