چاودێریی حکوومەت بۆ دەوامیی پزیشکان کەرتی تەندروستی توندوتۆڵ کردووە

:: PM:07:33:14/12/2019 ‌

سەعات هەشتی بەیانی هۆڵەکان دەکرانەوە، چەقۆ و مەقەس و پەت و هەموو جۆرە پێداویستییەکی تری ناو نەشتەرگەری بۆ پزیشکان ئامادە دەکرا، پزیشکان دەستیان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان دەکرد، تاوەکو نیوەڕۆ دەگەڕانەوە ماڵەکانیان و دوای نیوەڕۆ دەچوونە نۆرینگەکانیان. ئەمە سووڕی ژیانی ڕۆژانەی بەشێک لە پزیشکە نەشتەرگارەکان بوو، تاوەکو دەرچوونی بڕیارەکەی حکوومەت، کاتەکانیان بەسەر یەکدا ڕژان.

بڕیارێکی چاکسازیی لە کەرتی تەندروستی، مافی هاووڵاتیانی سەردانیکەری نەخۆشخانە حکوومییەکانی گەڕاندەوە. لە ٢٢ ئاب/ئۆگێست، حکوومەت لەبڕیارێکی چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، بڕیاری قەدەقەکردنی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و سەردانی پزیشکانی پسپۆڕی کرد بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان، بۆ ئەوەی پابەندی دەوامی نەخۆشخانە حکوومییەکان بن و مافی هاووڵاتی لەو کەرتەدا پارێزراو بێت.

ئەو بڕیارەی حکوومەت لەکەرتی تەندروستی، زۆرترین ناڕەزایی لەلایەن پزیشکە پسپۆڕەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکانەوە لێ کەوتەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەڵێن، دەبێت حكوومەت هاوکاریان بێت بۆ بەرەوەپێشتربردنی کەرتی ئەهلی لەکوردستان، نەوەک کاتی سەردان و نەشتەرگەریی سنووردار بکات.

علی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی شاری هەولێرە، سەبارەت بە ناڕەزاییان لە و بڕیارەی حکوومەت دەڵێت، نابێت حکوومەت بەشێوەیک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا بکات وەک ئەوەی نەیارێکی کەرتی تەندروستین.

ئەوەشی گوت، تا ئێسته‌ ڕینماییەکان بەشیوەیەکی فەرمی نەگەشتووەتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، لە کاتێکدا پێویستە یاسا و ڕێنمایی و فەرمانەکان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر نەخۆشخانەکاندا دابەش بکرێن، یان لەڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە، هەموو بەرپرسی نەخۆشخانەکان کۆبکرێنەوە، بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە هەموو بڕیار و گۆڕانکارییە نوێیەکان.

بەشێک لە پزیشکان لەگەڵ دەرچوونی ئەم بڕیارە، ژمارەی نەشتەرگەرییەکانیان کەم کردووەتەوە

ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوە دەکات، لیژنەکان بە شیوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن، هەندێک جار لەلایەن لیژناکەنەوە بەجۆرێک مامەلە لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا دەکرێت، وەک بڵێی نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەیاری کەرتی تەندروستی بن.

بەشێک لە پزیشکان لەگەڵ دەرچوونی ئەم بڕیارە، ژمارەی نەشتەرگەرییەکانیان کەم کردووەتەوە، بەشێکیان لە شەواندا و بەشێکیشیان لەپێش کاتی نۆرینگەکانیان نەشتەرگەرییەکانیان ئەنجام دەدەن، ناڕەزایی ئەوان بەهۆی تێکەڵبوونی کاتی نەشتەرگەری و کردنەوەی نۆرینگەکانیانە کە دەبێت یەکێکاین بەقوربانی ئەوی تریان بکەن.

د.هیوا مەحەمەد، پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت، دیاریکردنی کاتی نەشتەرگەری و سەردانی پزیشک بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی باش ئەوەیە پزیشک لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا مافی تەواو بە نەخۆشەکان دەدات، لایەنە خراپەکەی ئەوەیە لەگەڵ کاتی نۆرینگەکان هاوکاتە و هەروەها ئەو پزیشکانەشی کە مۆڵەتی دووگیانییان هەیە، یان خانەنیشینن ناتوانن نەشتەرگەریی بکەن، لەکاتێکدا ئەوان دەوامی حکوومیان نییە.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان، ڕێگا نادات ئەو پزیشکانەی کە خانەنیشینن و مۆڵەتیشن، نەشتەرگەری لە بەیانیان ئەنجام بدەن، دەبێت تەواوی ستافی تەندروستی هەمووان لە بەیانیاندا لە نەخۆشخانە و بنەکە تەندروستییەکان خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشی هاووڵاتیان  بکەن.

د.مەحەمەد قادر خۆشناو گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، هەر پزیشکێک لە بەیانیاندا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان ببینرێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەر گەری یاخود بینی نەخۆش چەند جۆر سزا و ئاگادارکردنەوەی بۆ دەردەکرێت لەلایەن لیژنەکانی بەدواداچوونەوە.

سەبارەت بە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش گوتی، لەهەر نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا لەماوەی سەعات هەشتی بەیانی تاوەکو دووی داوای نیوەڕۆ کە کاتی دەوامی پزیشک و ستافی تەندروستییە لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا، لەهەر نەخۆشخانەیەکی ئەهلی نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت کە کاتی دەوامکردنی پزیشک و ستافەکان، ئەو نەخۆشخانەیە پێبژاردنی پێ دەکرێت.

لیژنەکانی بەدواداچوون لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا، بەشێوەیکی چڕ بەدواداچوون دەکەن و سزای پزیشاکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەدەن لەسەر هەر سەر پێچیەک کە بەرانبەر جێبەجێنکەردنی ئەو بڕیارە دەیکەن.

د.کەنعان کانەبی، بەڕێوەبەری بەشی پشکنین و دڵنیایی جۆری لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە بەدواداچوون و چاودێریی وردیان هەیە لە ڕێگەی هەموو لیژنەکانەوە بۆ ئەوەی ڕیگری تەواو لەهەموو پزیشک و نەخۆشخانەکان بکەن کە پێشێلی لە بڕییارەکەدا نەکەن، دەشڵێت هەر لایەک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

سەبارەت بە سزاکانی جیێبەجێنەکردنی بڕیارەکە گوتی، لەکاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی لەکاتی دەوامی حکوومی، ئاگادارکردنەوە بۆ پزیشک دەردەکرێت سێ مانگ لە تەدریج دوور دەخرێتەوە و لە کاتی درێژەدان بەخوێندندا دوادەخرێت، پێگواستی بۆ شوێنی دوور پێدەکرێت، لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە کاتی قەدەغەکراودا نەخۆشخانە ئەهلیەکە لە یەک ملێۆن تا پێنج ملێۆن دیناری عێراقی پێبژاردنی پێ دەکرێت.

کەنعان کانەبی ئەوەیشی خستە ڕوو، تاوەکو ئێسته‌ لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک نەخۆشخانە سەرپێچی کردووە لە بەیانیاندا نەشتەرگەری ئەنجام داوە، ئەو نەخۆشخانەیەش بە بڕێ سی ملێۆن دناری عێراقی پێبژاردنی پێ کراوە، لیژنەکانیان بە چڕ و وردی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتی پارێزراو بێت لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا بە چارەسەری گونجاو پێویستبگەن.

لەکاتی هەبوونی حاڵەتی فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە حاڵەتەکە ئاگادار دەکرێتەوە، ئەوان بەدواداچوون بۆ دەوامی پزیشکەکە دەکەن، ئەگەر ئەو ڕۆژە لە دەوامی فەرمی حکوومی نەبوو ، ڕیگەپاێدانی بۆ دەکەن سەردانی نەخۆش بکات یان نەشتەرگەری بکات، بەڵام ئەگەر دەوامی فەرمی حکوومی هەبێت ڕیگەی پێ نادرێت و نەخۆشەکە دەنێردرێتە نەخۆشخانەی حکوومی.


وشە - ئيڤان عەبدولڕەحمان