60 گرووپی خۆبەخش بۆ هاوكاری ئاوارەكان پێك هات

:: PM:01:52:17/10/2016 ‌


ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ژوورێكی تایبەت بە پێشكەشكردنی فریاگوزاری تایبەت بە ئاوارەكانی مووسڵ كردەوە و راگەیەنراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رێكەوتی 15ی تشرینی یەكەمی 2016 بە ئامادەبوونی 21 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی، ژووری هاوكاری مرۆیی لە ئۆفیسی تۆڕی نەوەكانی ئاشتی لە شاری هەولێر كۆ بوونەوە بەمەبەستی پێكهێنانی ژووری هاوكاری مرۆیی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.

بەپێی راگەیەنراوەكە، ئامانج لە راگەیاندنی ئەم ژوورە، یەكخستنی توانای رێكخراوەكانی ناوخۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لایەنی مرۆیی بۆ ئەو پێشبینییانەی كە لە پرۆسەی سەربازیی ئازادكردنی مووسڵ دێنە كایەوە.

"ئەوە لەكاتێكدایە كە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، پلانی مرۆیییان بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەكان هەیە".

لەو روانگەیەوە ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێن، "بۆیە ئێمە توانا مرۆیییەكانمان یەك دەخەین و تۆماری یەكەكانی خۆبەخشی و ئۆفیسی ژووری هاریكاری مرۆییمان كردەوە لە هەریەك لە شاری هەولێر وەك ناوەندی سەرپەرشتی و یەكەی خەبات و یەكەی مەخموور بۆ تۆماری 60 گرووپی خۆبەخشان و كۆكردنەوەی هاوكاری مرۆیی بۆ زیاتر لە 25 هەزار هاووڵاتی بەتایبەت منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان".

لە راگەیەنراوەكەدا روون كراوەتەوە كە یەكەی بەڕێوەبردنی ژوورەكە بەوردی چاودێری دۆخەكە دەكات و هەوڵی زیادكردنی كۆمەك و توانا مرۆیییەكان دەدات بۆ ئەگەری هەر دۆخێك بۆ بەهاناوەچوونی دۆخە مرۆیییەكان.

ئەو راگەیەنراوە لەكاتێكدا دێت كە ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەمی 2016، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە پێشڕەوی هێزەكانی پێشمەرگە و پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە میحوەری خازر دەستی پێ‌ كرد و تا ئێستەش ژمارەیەك گوند ئازاد كراون.

پێشبینی دەكرێت لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكە، شەپۆڵێكی ئاوارەی ناوخۆیی لە شاری مووسڵ و دەوروبەری روو لە هەرێمی كوردستان بكەن كە بە سەرووی 700 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی تەنگژەكانی دارایییەوە، بەردەوام داوا لە ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكات هاوكارییەكانیان لەسەر ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان چڕ بكەنەوە.

وشە/هەولێر


وشە - ڕێبین فه‌تاح