قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە بەغدا کوژران

:: AM:06:18:03/01/2020 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سێی كانوونی دووەم/یەنایەر، لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا سێ ساروخ کاروانێکی میلیشیای حەشدی شەعبی کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی کوژران کە لە ناویاندا قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس هەن.

فەرماندەی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران 
 

لەو هێرشەدا کە دۆخی عێراقی بەتەواوی شڵەژاندووە و گورزێکی راستەوخۆیە بۆ ئێران، هەریەک لە دیارترین فەرماندەی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران.

هێرشەکە دوای پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا هات کە راستەوخۆ لەلایەن میلیشیای حەشدی شەعبی سەرپەرشتی دەکراو و دیواری دەرەوەی باڵوێزخانەیان سووتاند.

قاسم سلێمانی بە کاریگەرترین پیاوی ئێران بەسەر حوکمی عێراقەوە دادەنراو کۆنترۆڵی زۆرینەی شیعە و حوکمی عێراقی کردبوو بۆ بەرژەوەندی ئێران و راستەوخۆ سەرپەرشتی خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەری دەکرد کە بەهاوکاری گرووپێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کەرکووک و نیوەی خاکی کوردستانیان خستە ژێر دەستی میلیشیاکانی شیعە.

رووداوەکە لەلایەن میدیای فەرمی عێراق پشتڕاست کراوەتەوە و لەلایەکی تریشەوە، دەنگۆی رفاندنی هەریەک لە هادی عامری سەرۆکی دەستەی حەشد و قەیس خەزعەلی فەرماندەی میلیشیا و فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هەیە، کە تێكڕا نزیکن لە ئێرانەوە.


وشە - زریان تەها